لەمساڵدا کۆریاى باکور 17 تاقیکردنەوەى موشەکى بالیستى ئەنجامداوە

KNN : Kurdish News Network
01:21 - 12/05/2022
جیهان

نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: کۆریای باکور لە سەرەتای ساڵی 2022وە، 17 تاقیکردنەوەی مووشەکیی بالیستی ئەنجامداوە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوایین تاقیکردنەوەی موشەکیی کۆریای باکور کۆبووەوە. لە کۆبونەوەکەدا لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاقیکردنەوە مووشەکییەکانی کۆریای باکور کە لە چوار و حەوتی ئایار ئەنجامی دابوو سەرکۆنە کرد و ئاشکرای کرد کە ئەمە پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.

لیندا تۆماس گرینفیڵد ئەوەی خستەڕوو کە کۆریای باکوور لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا 17 تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئەنجامداوە و بە ئامانجی ئەنجامدانی حەوتەمین تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی دەستی بە سەرلەنوێ بونیادنانەوەی سەنتەرێکی تاقیکردنەوەی ئەتۆمیی کردووە.

نوێنەری هەمیشەییەکەى ئەمەریکا، چین و روسیای تۆمەتبار کرد بەوەی ئەم دووساڵەی دوایی بونەتە رێگر لەبەردەم جێبەجێکردن و نوێکردنەوەی سزاکانی سەر کۆریای باکور و ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەنجامی کۆبونەوەکان دەخەنەڕو و پێویستە ئەنجوومەن لەم بارەیەوە بێدەنگی هەڵنەبژێرێت.

لاى خۆیەوە، ژانگ جون نوێنەری هەمیشەیی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد لەبری سەپاندنی سزا رێگەی دیالۆگ بگرێتە بەر و وتى،"سەپاندنی سزای نوێ رەوشەکە بەرەو ئاقارێکی خراپتردا دەبات".

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە ساڵی 2006ـەوە بەهۆی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە سزای سەربازیی و ئابوریی بەسەر کۆریای باکووردا جێبەجێ دەکات.

63 جار خوێندراوەتەوە