کێ براوەی تیروپشکە ترسناکەکە دەبێت؟

KNN : Kurdish News Network
03:13 - 18/03/2022
وەرزش

لەبارەگانی یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لە وڵاتی سویسراو بە ئامادەبونی نوێنەرانی سەرجەم یانە بەشدارەكان، تیروپشكی یارییەكانی قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنس لیگ راكێشرا.

لە تیروپشكەكەدا، سێ یانەی ئینگلیز كە پێكهاتبون لە (مانچستەر سیتی و لیڤەرپوڵ و چێڵسی) هەروەها سێ یانەی ئیسپانی كە (ریاڵ مەدرید و ئەتلەتیكۆ مەدرید و ڤیاریاڵ) لەگەڵ یانەیەكی ئەڵمانی كە بایرن میونخ بو، هەروەها یانەیەكی پرتوگالی كە بەنفیكا بو بەشداربون.

تیروپشكەكە بە میوانداری مایكڵ سلڤستەری ئینگلیزی ئەنجامدرا كە پێشتر یاریی بۆ یانەكانی مانچستەر یونایتد و ئارسناڵ و ڤێردەربریمەن كردبو.

بە پێی ئەنجامی تیروپشكەكە، یانەی چێڵسی پاڵەوانی وەرزی رابردوو لەو قۆناغەدا روبەرووی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی دەبێتەوە، كە لەسەر حسابی یانەی پاریس سانجێرمان گەیشتە ئەم قۆناغە.

هەروەها یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی كە ئێستا پێشەنگی ریزبەندی خولی ئینگلتەرای گرتووە، بەرامبەر ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی یاریی دەكات، كە تیپەكەی دیگۆ سیمیۆنی دوای بردنەوەی لە كریستیانۆ رۆناڵدۆ و هاوڕێكانی بلیتی ئەم قۆناغەیان بڕی.

یانەی ڤیاریاڵی بەرگ زەردی ئیسپانی كە دوای بردنەوەی لە یۆڤانتۆسی ئیتاڵی خۆی گەیاندە ئەم قۆناغە، لە یاریی رۆیشتنی قۆناغی چارەكی كۆتایشدا پێشوازی لە یانەی بایرن میونخی ئەڵمانی دەكات كە بە ئاسانی لە سالزبێرگی نەمسایی بردەوەو گەیشتە ئەم قۆناغە.

هەروەها یانەی بەنفیكا كە تاكە نوێنەری پرتوگالە لە پاڵەوانێتیەكەداو لەسەر حسابی ئەیاكس گەیشتە ئەم قۆناغە، ئەركی قورسەو رووبەرووی یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی دەبێتەوە كە یەكێكە لە یانە بەهێزەكان.

یارییەكانی رۆیشتن لە 5 و 6ی مانگی داهاتوو بەرێوەدەچن و یارییەكانی گەرانەوەش لە 12 و 13ی هەمان مانگدا ئەنجامدەدرێن.

بەپێی تیروپشكەكە، لە قۆناغی پێش كۆتایدا براوەی یاریی چێڵسی و ریاڵ مەدرید بەرامبەر براوەی  مانچستەر سیتی و ئەتلەتیكۆ مەدرید یاریی دەكات، هەروەها براوەی یاریی بایرن میونخ و ڤیاریاڵ رووبەرووی براوەی نێوان بەنفیكا و لیڤەرپوڵ دەبێتەوە.

یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا كاتی ئەنجامدانی یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگی ئاشكراكردو یارییەكە لە 28ی مانگی 5ی داهاتو لە یاریگای پارك دی پرانسی تایبەت بە یانەی پاریس سانجێرمان لە شاری پاریسی فەرەنسا بەرێوەدەچێت.

132 جار خوێندراوەتەوە