تورکیا سەربازگەی زێلکان ڕادەستی بەغدا دەکات و دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال جێگیر دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
09:45 - 23/09/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە نیویۆرک کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر قووڵکردنەوەی هەماهەنگییە ئەمنییەکان، کۆتاییهێنان بە بوونی چەکدارانی بیانی لە شنگال، و ڕادەستکردنەوەی سەربازگەی زێلکان بە عێراق.

 

بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی هەردوو وڵات کە لەلایەن نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانەی گفتوگۆکانیاندا لە نیویۆرک کە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا، هەردوو سەرۆک دووپاتیان لە پێویستیی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عێراق بە تەواوەتی بەسەر قەزای شنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی گرووپە چەکدارە قەدەغەکراوەکان کردووەتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی ئەو پێشکەوتنانەی عێراق لە ڕووی ئەمنییەوە بەدەستی هێناوە، هێزەکانی تورکیا بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ و بەپێی میکانیزم و خشتەیەکی کاتیی ڕێککەوتوولەسەر، سەربازگەی (بەعشیقە - زێلکان) ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەنەوە.

 

هاوکات هەردوو لایەن ڕێککەوتوون لەسەر فراوانکردنی قەبارەی بازرگانی و وەبەرهێنانی دووقۆڵی، جێبەجێکردنی دەستبەجێی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان، و خێراکردنی کارەکانی پڕۆژە ستراتیژییە هاوبەشەکان، بەتایبەتی پڕۆژەی (ڕێگای گەشەپێدان).

86 جار خوێندراوەتەوە