رۆبیۆ: گروپە میلیشیاکان چەکنەکرێن، عێراق پارچەپارچە دەبێت

KNN : Kurdish News Network
06:27 - 23/09/2026
جیهان
+
-

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش بڕیار لەسەر ئاراستەی شەڕی دژی ئەو وڵاتە دەدات، هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی کە پێویستە چەک لە میلیشیاکانی عێراق دابماڵرێت بۆ ئەوەی وڵاتەکە ڕووبەڕووی پارچەپارچەبوون نەبێتەوە.

 

لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، سیستەمی نێودەوڵەتی لێکهەڵوەشاوە و بێکاریگەرە، و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ڕووبەڕووی هەڕەشەی بریکارەکانی ئێران بوونەتەوە. ڕوونیشیکردەوە، واشنتن کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ تاران و گفتوگۆکانی دوێنێشیان لەگەڵ شاندی ئێرانیدا "بەرهەمدار" بووە کە زیاتر ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و پەیام بووە، بەڵام ئامادە نەبوو ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان ئێرانییەکان و "ویتکۆف" ئاشکرا بکات. جەختیشی لەوە کردەوە کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پێویستی بە هەوڵێکی قورسە و پێویستە تاران بڕیار بدات کە ئایا "دەوڵەتە یان شۆڕش"، چونکە بڕیاری کۆتایی لەو وڵاتەدا بەدەست کەسانێکەوەیە کە باوەڕیان بە شۆڕش هەیە و ئەوەش مامەڵەکردن لەگەڵیاندا قورس دەکات.

 

ڕوبیۆ هێرشی توندی کردە سەر دەسەڵاتدارانی تاران و ڕایگەیاند، سوپای پاسداران و ئێران پێشێلی لێکتێگەیشتنەکانیان کردووە و پەلاماری وڵاتانی دراوسێیان داوە، هەروەها ڕژێمی ئەو وڵاتە دەیان هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە. دووپاتیشیکردەوە کە دۆناڵد ترەمپ قەیرانی ئێران بەبێ چارەسەر جێناهێڵێت و سوورە لەسەر چارەسەرێکی هەمیشەیی نەک تەنها بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، بۆ ئەوەش ئەمریکا بڕێکی زۆر تەقەمەنی هەیە بۆ پێکانی ئامانجەکانی، بەڵام تەنها لەوێدا قەتیس نەکراون.

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و ڕایگەیاند، حوسییەکان هێزێکی شەڕانگێزن و هێرشیان کردووەتە سەر بنکە دیپلۆماسییەکان لە یەمەن، سەبارەت بە عێراقیش هۆشداریدا کە پێویستە چەک لە میلیشیاکان دابماڵرێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە پارچەپارچەبوونی عێراق. هاوکات پشتیوانی واشنتنی بۆ حکومەتەکەی عەلی زەیدی دوپاتکردەوە و رایگەیاند، زەیدی بە ئاراستەی چەکداماڵین لە گروپەکان هەنگاوی باشی ناوە.

 

 رۆبیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پابەندبوونی ئەمریکای بە ڕێککەوتنی بەرگریی لەگەڵ سعودیە دووپاتکردەوە و سەبارەت بە سودانیش ڕایگەیاند کە لایەنی دەرەکی ئاگری شەڕ لەو وڵاتەدا خۆش دەکەن.
سەبارەت بە کێشەی فەلەستینیش، ڕوبیۆ باشترین چارەسەری بەوە زانی کە غەززە بەبێ حەماس بێت و سەرکردایەتییەکی فەلەستینی حوکمی بکات کە گوزارشت بێت لە ئیرادەی دانیشتووانەکەی، هاوکات ڕەتیکردەوە کە جیهان یان ئەمریکا پێویستییان بە گرژیی و قەیرانی نوێ بێت لە کەناری ڕۆژئاوا.

85 جار خوێندراوەتەوە