عێراق: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا پشت بە کێڵگەی کۆرمۆر دەبەستین

KNN : Kurdish News Network
03:34 - 23/09/2026
عێراق
+
-

محەمەد نیعمە توفەیلی، بریکاری وەزارەتی کارەبا بۆ کاروباری بەرهەمهێنان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەرنامەی چاککردنەوەی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای بۆ وەرزی (2026-2027) و پلانەکانی نۆژەنکردنەوەیان تاوتوێ کرد، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئامادەیی و توانای بەرهەمهێنان لە قۆناغی داهاتوودا.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبای عێراق، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیاکان و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی لەخۆگرتبوو، بریکاری وەزارەت جەختی لە گرنگیی سوودوەرگرتن لە سەرچاوە جیاوازەکانی سووتەمەنی کردەوە، بەتایبەتی ئەو غازەی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی بەرهەم دەهێنرێت. هەروەها ئاماژەی بە ئامادەکردنی ئەو یەکانە کرد کە دەتوانن بە سووتەمەنیی شل و غازیش کار بکەن، بۆ مسۆگەرکردنی نەرمی زیاتر لە کارپێکردنیاندا.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر دووبارە خستنەگەڕی ئەو یەکانە کرایەوە کە لەکار کەوتوون، بەتایبەتی وێستگەکانی دیزێڵی سامەڕا و سەماوە، ئەوەش دوای ئەنجامدانی چاککردنەوەی پێویست. هاوکات بڕیاردرا بە دابینکردنی پێداویستییە یەدەگەکانی تایبەت بە پرۆسەی چاککردنەوە و بەردەوامیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای (جی ئی) و (سیمنس) بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی یەکەکان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا.

110 جار خوێندراوەتەوە