ئاراس جەبار،
شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ ئەوەی یەکەم ڕۆژی وەرزی پایز
بوو، بەڵام گەرمترین ڕۆژی ئەم وەرزە بووە و بۆ کۆتا جارە پلەکانی گەرما دەگەنە ئەو
ئاستە بەرزە، پێشبینیش دەکات لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە یەکەمین شەپۆلەکانی
بارانبارین دەست پێبکەن.
ئەو شارەزایەی
کەشناسی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە سبەینێ پێنجشەممەوە (24ی ئەیلوولی 2026)،
کاریگەریی ئەو بارستە هەوا گەرمە تا ڕادەیەک لاواز دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد
بە ئەمڕۆ بە بڕی دوو بۆ سێ پلە نزم دەبنەوە، بەڵام تاوەکو (28)ی مانگ بە جێگیری
دەمێننەوە و هێشتا لە سەروو ئاستی ئاسایی خۆیانەوە دەبن.
ڕوونیشیکردەوە،
لە (28)ی مانگەوە بارستە هەوای فێنک و سارد لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاستەوە ڕوو لە
ناوچەکان دەکەن و کەشوهەوا بە تەواوی بەرەو فێنکبوون دەچێت، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی
مانگی ئایندەدا، وەرزی بارانبارین بە چەند قۆناغێکی پچڕپچڕ دەست پێدەکات و
ناوچەکان دەکەونە ژێر ناجێگیرییەکی کەشوهەواوە کە لەگەڵیدا پلەکانی گەرما زیاتر
نزم دەبنەوە.
507 جار خوێندراوەتەوە