شارەزایانی
کەشناسی پێشبینی پایزێکی سارد و پڕباران بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن و یەکەم شەپۆلی
بارانبارینیش لە سەرەتای مانگی داهاتوودا دەست پێدەکات، هاوکات کەشناسیی هەرێم
پێشبینییەکانی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و پلەکانی گەرما
دادەبەزن.
پشتیوان
پێنجوێنی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە
چاوەڕوانی پایزێکی پڕ باران و سارددان، هۆشداریشی دا لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و
بارینی تەرزەی بەهێز لە چەند ناوچەیەکی جیاجیادا.
لەلایەکی دیکەوە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی،
پاڵپشت بە وێنەکانی مانگە دەستکردەکان پێشبینی دەکات، لە نێوان 1 بۆ 5ی مانگی
تشرینی یەکەم (مانگی 10) یەکەم شەپۆلی بارانبارین ناوچەکە بگرێتەوە.
سەبارەت بە
کەشوهەوای ڕۆژانەش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم
بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما لە ناوەڕاست و
باکووری هەرێم کەمێک نزم دەبنەوە، هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی هەرێم بەراورد بە دوێنێ (2
بۆ 3) پلە نزم دەبنەوە. خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت (10-20 کم/ک) و
مەودای بینین لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.
کەشناسیی هەرێم
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان پەڵەهەور بۆ نیمچەهەور دەبێت و لە
ناوچە شاخاوییەکانی باکوور هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. پلەکانی گەرماش
بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە.
75 جار خوێندراوەتەوە