هاتوچۆ چەند بڕیار و ڕێنماییەکی نوێی بۆ شۆفێران دەرکرد

KNN : Kurdish News Network
11:53 - 20/09/2026
کوردستان
+
-

بەهۆی دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێم چەند ڕێنماییەکی بۆ شۆفێران بڵاوکردەوە، هاوکات هاتوچۆی سلێمانیش بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی، هاتنە ناوەوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری لە کاتەکانی بەیانیاندا بۆ سەنتەری شار قەدەغە کرد.

 

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ڕایگەیاند، پاڵپشت بە بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕێکخستنی ڕەوشی هاتوچۆ، لە ڕێکەوتی 20ی ئەیلولەوە، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، ڕێگە بە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان نادرێت لە کاتژمێر 7:00 تاوەکو 9:00ی بەیانی بچنە سەنتەری شار. ئاماژەی بەوەش کردووە، وەک جێگرەوەیەک شۆفێرانی بارهەڵگر دەتوانن شەقامی 100 مەتری بۆ هاتوچۆکردن بەکاربهێنن.

 

لە لایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان و وەرزی نوێی خوێندنەوە چەند داواکارییەکی ئاراستەی شۆفێران کرد و داوایکرد، ڕەچاوی خێرایی بکەن لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و بەردەم سەرجەم ناوەندەکانی خوێندندا، هەروەها ئاگاداری منداڵان و پیادەڕەوان بن.

 

هاتوچۆی هەرێم هۆشداری دەداتە شۆفێرانی پاسی گواستنەوەی خوێندکاران کە ڕەچاوی ژمارەی یاسایی بکەن و سەرنشینی زیادە هەڵنەگرن، هاوکات ڕێگە نەدەن منداڵان بەشێکی جەستەیان لە پەنجەرەکانەوە دەربهێنن و لە بەردەم قوتابخانەکانیشدا ئاستەنگ دروست نەکەن. لە کۆتاییشدا داوا لە دایک و باوکان و مامۆستایان دەکات، ئامۆژگاریی منداڵان بکەن بۆ ئەوەی لە کاتی پەڕینەوە لە شەقامەکان هۆشیار بن و تەنها لە شوێنە دیاریکراوەکانەوە بپەڕنەوە.

506 جار خوێندراوەتەوە