وەزارەتی کار و
کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی
جێبەجێکردن و میکانیزمی کارکردنی پڕۆژەی (گەشانەوە)، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکی
حکومەت و کۆمپانیایەکی ئەمریکیدا کۆبووەوە، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی دارایی
پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکانە لە هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە (23ی ئەیلوولی 2026)، لە دیوانی وەزارەت بە سەرپەرشتی کوێستان
محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئامادەبوونی بریکاری وەزارەت و
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بەڕێوەچوو. لە دیدارەکەدا کە تیمی پڕۆژەی (گەشانەوە) و
کۆمپانیای (کرۆس باوندەری)ی ئەمریکی ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی فراوانکردنی
دەستڕاگەیشتنی خاوەن پڕۆژەکان بە سەرچاوە داراییەکان کرا.
سەبارەت بە
شێوازی کارکردنی پڕۆژەکە، بڕیارە پڕۆژەی (گەشانەوە) سەرمایەی حکومەتی هەرێمی
کوردستان لە قۆناغی کورتخایەندا بۆ قەرزدان بەکاربهێنێت و لە ڕێگەی قەوارەیەکی
درێژخایەنیشەوە مۆدێلەکە بکاتە دامەزراوەیی. ئامانجی قۆناغەکانی داهاتووی
پڕۆژەکەش، دابینکردنی بڕی قەرزە بە شێوەیەکی سەربەخۆ، لەپێناو گەشەپێدانی کار و
پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان.
لە دابەشکردنی
ئەرکەکانی پڕۆژەکەشدا، نووسینگەی سەرۆکی وەزیران ئەرک و تایبەتمەندییەکان دیاری
دەکات، وەزارەتی کار گرێبەست لەگەڵ هاوبەشانی ژینگەی کار واژۆ دەکات و دامەزراوە
داراییەکانیش بەشدارییەکی چالاک لە ڕاهێنان و پێدانی قەرزەکاندا دەکەن.
206 جار خوێندراوەتەوە