بۆردومانێکى سعودییەکان بۆسەر زیندانێکى حوسیەکان لە یەمەن زیاتر(200) کەس دەکاتە قوربانى

KNN : Kurdish News Network
05:26 - 21/01/2022
جیهان
+
-

لە بۆردومانێکی سعودیەدا بۆسەر زیندانێکی حوسیەکان لە پارێزگای سەعدە، زیاتر لە (200) کەس کوژران و برینداربوون.

بەرەبەیانى ئەمڕۆ هەینى، فڕۆکەکانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە، زیندانێکی حوسیەکانی لە شاری سەعدە کردووەتە ئامانج کە بەهۆیەوە کوژرانى (70) کەس و برینداربونى (138) کەسى دیکەش دەکرێت.

لەبارەى هێرشەکەوە، خاچی سوری نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، تا دێت ژمارەی قوربانیەکان بەرزتردەبنەوە، نەخۆشخانەکانی کۆماری و تەڵع توانای وەرگرتنی برینداری دیکەیان نەبووە، بە درێژایی ئەمڕۆش تیمەکان سەرقاڵی دەرهێنانی قوربانییەکان بوون.

لاى خۆیانەوە، حوسییەکان بۆردومانەکەیان بە تاوان لەقەڵەمداوە، هەرچەندە تائێستا هاوپەیمانی عەرەبی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە هێرشێکی دیکە کردووە لە پارێزگای حەدیدە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی هاوپەیمانی عەرەبی، شەوی ڕابردوو چەند بۆردومانێکی ئاسمانییان بۆ سەر حوسیەکان لە شاری حەدیدەی رۆژئاوای یەمەن ئەنجامداوە کە تیایدا بارەگای پەیوەندییەکان و کۆلێژی دەریایی حوسیەکان کراوەتە ئامانج.

بەپێی ڕاگەیەندراوی حوسیەکانیش، لەو هێرشەدا سێ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و (17)ی دیکەش برینداربوون، گروپی نێت بلوکس کە چاودێری هێڵەکانی ئینتەرنێت دەکات بڵاویکردووەتەوە، دوای هێرشەکە ئینتەرنێت لە تەواوی یەمەندا پچڕاوە و چاک نەکراوەتەوە.

394 جار خوێندراوەتەوە