سەرۆکى تورکمانستان
فەرمانیکرد بە دۆزینەوەى رێگایەک بۆ داخستنى ئەو چاڵەى بە دەرگاى دۆزەخ ناسراوە و
ساڵانێکە دەسوتێت.
گۆربان گولی، سەرۆکی
تورکمانستان فەرمانی بەحکومەتەکەی کرد ڕێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ داخستنی دەروازەى ئەو
چاڵەى کە لە بیابانى کاراکۆم دەسوتێت.
گولى، لە چاوپێکەوتنێکی
ئۆنلایندا لەگەڵ کابینەى حکومەتى وڵاتەکەی رایگەیاند: ئەو چاڵەى بەبەردەوامى
دەسوتێت زیان بە ژینگە و خەڵک دەگەیەنێت و دەبێتە هۆى سوتانى بێ بەرامبەرى سامانى
ژێر زەوى وڵاتەکەى.
داواشى لە
لێپرسراوانى وڵاتەکەى بەتایبەت لێپرسراوانى کەرتى نەوت و گاز کرد، رێگایەک
بدۆزنەوە بۆ کوژاندنەوەى چاڵەکە.
دەرگاى دۆزەخ،
ناوى ئەو چاڵەیە کە دەکەوێتە بیابانی کاراکۆم لە وڵاتى تورکمانستان و ماوەى (50)
ساڵە بەبەردەوامى دەسوتێت، چاڵەکەى (60) مەتر پانە و لە ساڵى (1971)ەوە لە کاتى
گەڕان بەدواى گازدا لەو ناوچەیە دروست بووە کە (270) کیلۆمەتر لە عەشق ئابادى پایتەختەوە
دورە.
چاڵەکە بوەتە
هۆى ترسى دانیشتوانى ناوچەکە، ئەوەش بەهۆى ئەوەى ئەو گازە ژەهراویانەى دەریان
دەدات زیان بە دانیشتوان و ژینگەى ناوچەکە دەگەیەنێت.
زاناکان پێشبینی
ئەوەیان کرد کە غازى ناوچاڵەکە بە خێرایی دەسوتێت، بەڵام بەپێچەوانەوە تا ئەمڕۆش
ئاگرەکە بەردەوامە لە سوتان و بووە بە یەکێک لە بەناوبانگترین شوێنەوارەکانی جیهان.
ئەوەش لە کاتێکدایە،
لە ساڵى (2010)، سەرۆکى ئەو وڵاتە بڕیارى داخستنى دەروازەى دۆزەخى دەرکردبوو،
بەڵام تا ئەمڕۆش فەرمانەکە جێبەجێ نەکراوە، بۆیە سەرۆکى وڵاتەکە دوبارە فەرمانى
کردووە بە داخستنى دەروازەى چاڵەکە.
4657 جار خوێندراوەتەوە