لە روداوێکى دەگمەندا... هاوڵاتییەکى کۆریاى باشور بەرەو کۆریاى باکور رایکرد

KNN : Kurdish News Network
11:43 - 02/01/2022
جیهان

لەدواى جەنگى هەردو (کۆریا)کە، روداوەکانى کۆچکردن و هەڵاتن بە شێوەیەک بووە کە هاوڵاتیانى کۆریاى باکور بەرەو کۆریاى باشور هەنگاویان ناوە، بەڵام لە روداوێکى دەگمەن و کەم وێنەدا هاوڵاتییەکى کۆریاى باشور بەرەو کۆریاکەى دیکە هەڵات.

لە راگەیەنراویکدا، سوپاى کۆریاى باشور رایگەیاند: کەسێک رۆژى شەممە، کاتژمێر (10:30) خولەکى پێشنیوەڕۆ، ناوچەى سنورى قەدەغەکراوى نێوان کۆریاى باشور و باکورى تێپەڕاندووە و رۆشتوە بەرەو کۆریاى باکور.

سوپاى کۆریاى باشور ئاشکراى کردووە، ئەوان دڵنیانین ئەو کەسەى رایکردووە لەژیاندا ماوە یان نا،  بەڵام لە راگەیەنراوەکەدا داوایان لە حکومەتى پیۆنگ یانگ کردووە ژیانى ئەو کەسە بپارێزن.

بەپێى زانیارییەکان ئەو کەسە، هێڵى دۆخى لەناکاوى بەکار هێناوە و لەوێوە رۆشتووە بەرەو کۆریاى باکور، ئەوە لە کاتێکدایە هیچ هاوڵاتییەکى کۆریاى باشور مافى ئەوەى نیە نزیک بکەوێتەوە لە سنورى قەدەغەکراوى نێوان هەردو کۆریاکە.

لە ساڵانى (1950 بۆ 1953)، جەنگ لە نێوان کۆریاى باکور و باشور رویدا، دواتر ئاگربەست لە نێوانیان راگەیەنرا، بەڵام جەنگەکە بەفەرمى کۆتایى پێنەهاتووە و (70) ساڵە بە ئاگربەست بەردەوامى بە ململانێ و ناکۆکییەکانیان دەدەن.

لە دواى جەنگەکەشەوە، تائێستا (30) هەزار هاوڵاتى لە کۆریاى باکور، بەهۆى هەژار و فشارەکانى حکومەتى پیۆنگ یانگ و داخراوى وڵاتەکەیان، بەرەو کۆریاى باشور رایانکردووە.

راکردنى هاوڵاتییەکى کۆریاى باشور بەرەو کۆریاى باکور، حاڵەتێکى دەگمەن و کەم وێنەیە، چونکە لە کۆریاى باشور ئازادییەکان و سیتمى سیاسى و خۆشگوزەرانى و کراوەى بەڕوى دونیادا لە ئاستێکى بەرزدایە و هەمیشە کۆچ و هەڵاتنەکان لە کۆریاى باکورەوە بوون بەرەو کۆریاى باشور نەک بە پێچەوانەوە.

دواجار لە ئەیلولى (2020)دا، سەربازانى کۆریاى باکور، تەقەیان لە ماسیگرێکى کۆریاى باشور کرد و کوشتیان، ئەوەش کاتێک ماسیگرەکە بە هەڵە سنورى ئاوى ون کردبوو، دواتر روداوەکە ناڕەزایەتى بەدواى خۆیدا هێناو  پیۆنگ یانگ بەناچارى داواى لێبوردنى لە حکومەتى سیئۆل کرد.

بەهۆى ئەوەى  سنورى نێوان هەردو کۆریا مینڕێژکراوە و هاتوچۆ تییدا رێگەپێنەدراوە، زۆربەى خەڵکى کۆریاى باکور ناوێرن ئەو رێگەیە بەکاربهێنن، بەڵکو زیاتر ئەو کەسانەى دەیانەوێ کۆریاى باکور جێبهێڵن سەرەتا رادەکەن بۆ وڵاتى چین و لەوێوە پەنا دەبەنە بەر کۆریاى باشور.

لە ماوەى رابردوشدا، بەهۆى هەوڵى کۆچکردنەوە، حکومەتى کۆریاى باکور هەزاران هاوڵاتى کوشتووە و چەندین کەسیش لە کاتى راکردندا لەسەر سنورەکان یان کوژراون یان بێسەروشوێن بون، یاخود بە دۆخێکى سەخت و دژواردا رێگەى کۆچیان گرتوەتەبەر.

7430 جار خوێندراوەتەوە