عەبدوڵا
ئۆجەلان ڕایدەگەیەنێت، ئامانجی ئەو بەدیهێنانی ئاشتی و بەسیاسیکردنە کە بە واتای
چەکدانان و سیاسەتی دیموکراسی دێت، هاوکات شاندی دەم پارتیش بۆ ئیمڕاڵی ئاماژە
بەوە دەکات کە ڕێگای ئاشتی کراوەیە و کاتی خستنەڕووی ئیرادەی سیاسییە.
شاندی ئیمڕاڵیی
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،
ڕۆژی 13ـی ئەیلولی 2026، لە دورگەی ئیمڕاڵی چاویان بە عەبدوڵا
ئۆجەلان کەوتووە و لە دیدارەکەدا قۆناغی ئێستای تورکیا، چارەسەری دیموکراسی،
گەشەپێدانی ئاشتییەکی سەرتاسەری، ئەو هەنگاوە کردارییانەی بۆ بەرەوپێشبردنی
پرۆسەکە پێویستن و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کراون.
لە پەیامەکەیدا
بۆ ڕایگشتی، عەبدوڵا ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە: "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی
دیموکراسی لە قۆناغێکدایە کە پێویست دەکات بەبێ دواکەوتن بەرپرسیارێتییە
مێژووییەکان جێبەجێ بکرێن. دوای دەرچوونی یاساکە، جێبەجێکردنی هەنگاوی کرداریی
هاوبەش و دەستبەکاربوونی لیژنەکان گرنگییەکی زۆری هەیە". هەروەها دەڵێت:
"ئامانجی من بەدیهێنانی ئاشتی و بەسیاسیکردنە؛ ئاشتی بە واتای چەکدانان دێت و
بەسیاسیکردنیش بە واتای سیاسەتی دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دێت".
ئۆجەلان
هۆشداری دەدات کە دەرفەتێکی مێژوویی لەبەردەم تورکیادایە و پێویستە ئیرادەی ئاشتی
بەتاڵی پێوە دیار نەبێت، بەڵکو بە ڕێکاری یاسایی و سیاسیی کۆنکرێتی مسۆگەر بکرێت.
سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاواش جەختی کردووەتەوە کە دەبێت کێشەکان
لەسەر بنەمای گفتوگۆ و دانوستان چارەسەر بکرێن بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموو ئاژاوە و
پشێوییەک.
لە کۆتایی
ڕاگەیەندراوەکەدا، شاندی دەم پارتی دووپاتی دەکەنەوە کە نزیکایەتیی سەرەکیی
ئۆجەلان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و بەهێزکردنی سیاسەتی دیموکراسییە، و داوا دەکەن ئەو
ئیرادە و پراکتیکە سیاسییە بخرێتەڕوو کە ئەو ڕێگایە بەرەوپێش دەبات.
161 جار خوێندراوەتەوە