وەزارەتى دارایى لەبارەى (200) ملیارەکەى بەغدا و چارەنوسى موچەى مانگى (11 و 12) بڕیاریدا

KNN : Kurdish News Network
05:43 - 18/12/2021
ئابوری

وەزارەتى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت، بەهۆى نەناردنى (200) ملیار دینارەکەى بەغدا، بڕیارماندا لە داهاتى مانگى (12)، موچەى ئەو وەزارەتانە بدەین کە موچەى مانگى (11)یان وەرنەگرتووە.

لە رونکردنەوەیەکدا، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند: بەداخەوە وەزارەتی دارایی عێراق (200 ملیار)  دینارەکەی کە وەک سلفە بۆ تەواوکاری دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەکاردەهێنرا، هەرچەنده بەپێی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵی ساڵی (2021) دەبوو لەو بڕە زیاتری  بناردایە، بەڵام بۆ مانگی (2021/11) تا ئەمرۆ (2021/12/18) ئەو بڕەشی نەناردووە.

دەشڵێت: بۆیە دابەشکردنی مووچە تا رادەیەک خاوبووەتەوەو بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی (شارەوانی و گەشتوگوزار، کارەبا، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری، خانەنشینی سەربازی و شارستانی) زیاتر دوانەکەوێت. بڕیارماندا لە داهاتی مانگی (2021/12) خەرج بکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ زیاتر لە (20) رۆژ بەسەر دابەشکردنى موچەى مانگى (11)دا تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا بەشێک لە وەزارەتەکان موچەیان پێنەدراوە و دابەشکردنى موچە چەند رۆژێک لە وادەى خۆى دواکەوتووە.

14943 جار خوێندراوەتەوە