وێنە؛ لە رۆژى مافەکانیان هەزاران منداڵ دەبنە قوربانى جەنگ و کۆچ و قەیرانەکان

KNN : Kurdish News Network
04:33 - 20/11/2021
جیهان
+
-

(20)ى تشرینى هەموو ساڵێک، رۆژى جیهانى مافەکانى منداڵانە، لە ئێستاشدا هەزاران منداڵ لەناو دۆزەخى جەنگ و کۆچ و قەیرانە سیاسی و ئابورییەکاندا ژیان دەگوزەرێنن.

لەدواى (20)ى تشیرینى دووەمى (1989)، رێککەوتنامەى مافەکانی مرۆڤ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کرا و (193) وڵات رەزامەندییان لەسەر دەربڕی، ھەموو ساڵێک (20)ی تشرینی دووەم وەک رۆژی مافەکانی منداڵان یادی دەکرێتەوە.

سەرەڕاى تێپەڕبونى (32) ساڵ، بەسەر دیاریکردنى رۆژى مافەکانى منداڵان، بەڵام لەئێستادا هەزاران منداڵ روبەڕوى توندوتیژى دەبنەوە و لەناو دۆزەخى جەنگ و ئاوارەیى و کۆچدا دەژین. ملیۆنان منداڵیش لەخوێندن دابڕاون.

بەپێی دوایین روپێوى رێکخراوى یونسێف، (7,3%)ى هەموو منداڵانى ئەو خێزانانەى لەناو عێراقدا ئاوارە بوونە، (4 تا 12) کاتژمێر کار دەکەن و ئەوانەش تەمەنیان لەنێوان (5 تا 17) ساڵیدایە، ئەمەش چەندین روداوى نەخوازراوى لێ کەوتووەتەوە.

لەئێستاشدا، سەدان منداڵى عێراق و هەرێمى کوردستان و سوریا و چەند وڵاتێکى دیکە، لە سنورەکانى بێلاروسیا و پۆڵەندا گیریانخواردووە و روبەڕوى سەرما و بەدخۆراکى و نەخۆشى بونەتەوە، چەند منداڵێکیش گیانیانلەدەستداوە.

سەرەتاى ئەمساڵ، رێكخراوی یونسێف هۆشداریدا کە لە (2021)دا بەهۆی بەردەوامی جەنگ و كاولكارییەكانی جیهان زیاتر لە (10) ملیۆن منداڵ مەترسی بەدخۆراك بون و مردنیان لەسەرە.

 ئاماژەی بەوەشكردووە یەمەن و باشوری سودان و كۆنگۆی دیموكرات و باكوری نایجیریا، لەپێشینەی ئەو وڵاتانانەن كەمنداڵان قوربانی سەرەكی جەنگ و كاولكارییەكانن و بەدەست برسێتی و هەژارییەوە دەناڵێنن.

 رێكخراوەكە هۆشداریشی دابوو کە لەمساڵدا، ڤایرۆسی كۆرۆنا قەیرانی برسێتی و نەداری لەنێو وڵاتانی هەژار و دواكەوتوو قوڵتر دەكاتەوە و ژمارەیەكی زیاتر منداڵ دەبنە قوربانی، داواشیكردووە وڵاتانی جیهان هەوڵەكانیان بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێكدادانەكانی جیهان و لەناوبردنی گرووپە چەكدارەكان چڕ بكەنەوە و رێگری بكەن لەو هەڕەشەیەیی بەرۆكی منداڵانی جیهانی گرتووە.

پێشتریش رێكخراوی یونسێف، لە راپۆرتێكدا بارودۆخی منداڵانی جیهان خسبووەڕو و ئاشكراى کردبوو کە لە تەواوی دنیادا (150) ملیۆن منداڵی كچ تەمەنیان بەر لەوەی بگاتە (18) ساڵ بە شوو دەدرێن. هەروەها پێنج ملیۆن منداڵیش بە هۆی خراپی باری تەندروسیان بەر لەوەی تەمەنیان بگاتە پێنج ساڵی دەمرن.

لەبارەى کۆچکردنى نایاسایش رێکخراوەکە ئاشکرای کردووە، بە مەبەستی كۆچكردنیان بەرەو ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا، (19) هەزار منداڵ لەمساڵدا دارستانە كەمەرییە مەترسیدارەكانی سنووری نێوان پەنەما ‌و كۆڵۆمبیا-یان تێپەڕاندوە، هەرچەندە هیچ ئامارێکى تەواوەتى بونى نیە، بەڵام لەمساڵدا بەمەبەستى کۆچکردن هەزاران منداڵ لە جیهاندا لە دارستان و ئاو و رێگا وشکانییەکان روبەڕوى سەختى زۆر و مردن و نەخۆشى بونەتەوە.

333 جار خوێندراوەتەوە