کۆمیسیۆن: ئەنجامەکانی ژمارەیەک وێستگەی دەنگدان ھەڵوەشێندراونەتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:08 - 20/11/2021
عێراق

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "بە بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، ئەنجامەکانی ژمارەیەک وێستگەی دەنگدان ھەڵوەشێندراونەتەوە".

 

 
عیماد جەمیل ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان، ئەنجامەکانی ژمارەیەک وێستگەکانی دەنگدان ھەڵوەشێندراونەتەوە.

 

دەشڵێت: "ئەنجامەکانی ژمارەیەک وێستگەی دەنگدان بە بڕیاری دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان بەھۆی دووبارەبوونەوەی پەنجە مۆر و لەکارکەوتنی ئامێرەکانی دەنگدان لە وێستگەکاندا، ھەڵوەشێندراونەتەوە و هەر کەسێک وا بیر بکاتەوە کە بەھۆی ساختەکارییەوە ھەڵوەشێندراونەتەوە، ئەوە بەھەڵەدا چووە".

 

پێشتر دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان رایگەیاندبو دوای پێداچوونە بە تانەکان، ھەشت کاندیدی ژمارەیەک لایەنە شیعە دۆڕاوەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا، دەرچوون.

 

رۆژی ھەشتی ئەم مانگە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو تانە و بەڵگانەی کە لە چوارچێوەی پاشکۆی تانەکان لە ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران پێشکەش کرابوون، کۆتایی ھاتووە و رەوانەی دەستەی دادوەریی بۆ ھەڵبژاردنەکان کراوە.

827 جار خوێندراوەتەوە