وەزیری بەرگری ئەمەریکا: دژی هەر هەوڵێکین سەروەری عێراق پێشێلبکات

KNN : Kurdish News Network
11:41 - 20/11/2021
جیهان
+
-

وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەڵێت: پشتیوانی وڵاتەکەمان بۆ عێراق بەردەوام دەبێت و دژی هەر هەوڵێک دەوەستینەوە کە سەروەری ئەو وڵاتە پێشێلبکات.

 

لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیالۆگی مەنامە لەبەردەم سەرکردەکانی جیهاندا رایگەیاند،"لەگەڵ هاوبەشانمان بەردەوام دەبین لە شەڕی تیرۆر تا دڵنیابین داعش سەرهەڵناداتەوە، بەردەوامیش دەبین لە دابینکردنی ئازادی ئاسایشی گەڕان لە نێو دەریادا لە ناوچەکەدا، هەروەها بەردەوام دەبین لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییەی لە کارەکانمان لە ئەفغانستان ئەنجامماندا".

 

هۆشداریشیدایە ئەوانەی هەوڵدەدەن سەروەریی عێراق پێشێل بکەن رایگەیاند: "پشتیوانیی لە سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دەکەین و دژی هەر هەوڵێکیش دەوەستینەوە پێشێلی بکات".

 

لەبەشێکی قسەکانیدا تایبەت بە ئێران، ئۆستن رایگەیاند: "دەمانەوێت ئازادی سووڕانەوەی نێو دەریا لەو ناوچەیە دابین بکەین، پشتیوانی لە خەڵکی لوبنانیش دەکەین، ئەوەش مانای پاراستنی بەرژەوەندی و کاری هاوبەش و پاراستنی دۆستانمانە، مانای پاراستنی بەها دیموکراسییەکانە و هیواخوازین گۆڕانکاری خێرا لەوبارەوە ببینین".

 

وتیشی، دەمانەوێت ئێران بگەڕێتەوە ناو رێکەوتنامە ئەتۆمییەکە.

423 جار خوێندراوەتەوە