بەرەبەیانى
ئەمڕۆ یەکشەممە، لەرێگەى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان لەناوچەى سەوزى بەغدا هێرشکرایە سەر
ماڵى مستەفا کازمى و لە هەوڵى تیرۆرکردن رزگارى بوون. ئەمەریکاش نیگەرانە و دەڵێت:
لێکۆڵینەوە دەکەین.
شانەی ئەمنی عێراق رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان
ئۆفیسی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان لە
ناوچەی سەوزی بەغدای پایتەخت کرایە ئامانج.
مستەفا کازمى، لە هەوڵەکە رزگارى بوو و دواتر
لە تویتێکدا رایگەیاند: سوپاس بۆ خودا من باشم و لەگەڵ گەلەکەمدا داواى ئارامى بۆ
عێراق دەکەم.
لەبارەى هێرشەکەشەوە باسى لەوەکردووە، ئەو هەوڵانە
ترسنۆکانەن و نیشتمان و داهاتوى ئێمە دیارى ناکەن.
لاى خۆیەوە وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا، بەتوندى
هەوڵى تیرۆرکردنى کازمى سەرکۆنەکرد و نید
برایس وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى ئەو وڵاتە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: هەرچەندە
دواى ئەوەى دڵنیابوینەوە کە کازمى سەلامەتە هەستمان بە ئاسودەیى کردووە، بەڵام بەدواداچون بۆ هەولێى تیرۆرکردنەکە دەکەین.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی ھەوڵی
کوشتنی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد. دەشڵێت، "ئاشکرایە ئەم کارە هەوڵێکی تیرۆرستانەیە".
هەر لە بارەى هێرشەکەوە موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی
سەدر، لە تویتێکدا رایگەیاند: "ئەم کارە تیرۆریستییەی، لایەنێکی باڵای وڵاتی
کردە ئامانج، ئەوەش بە ئامانجکردنێکی رون و راشکاوە بۆ عێراق ".
رێبەرى رەوتى سەدر نوسیویشیەتى: ئەو کردانە
مەبەستیانە عێراق پاشەکشێ پێبکەن و بیگەڕێننەوە بۆ دۆخى پشێویى.
هەر لە بارەى هێرشەکەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک
کۆمارى عێراق، رایگەیاند: ئەم دەستدرێژییە تیرۆرستییەى کە ماڵى سەرۆک وەزیرانى بە
ئامانجگرت، لادانێکى ترسناک و تاوانێکى سامناکە دەرهەق بە عێراق.
دەشڵێت: ئەم دۆخە پێویستى بە یەکڕیزى هەیە بۆ روبەڕوبونەوەى ئەو تاوانکارانەى کە هەوڵدەدەن
ئاسایشى عێراق و هاوڵاتیانى بخەنە مەترسییەوە.
لاى خۆیەوە، عەلی شەمخانی، سکرتێری گشتی ئەنجومەنی
باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لەهەژماری
تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: هەوڵی تیرۆری کازمی بەفیتنەی نوێ
بۆ رۆژ ئاوا وەسف دەکات ودەڵیت پیویستە لیکۆڵینەوەی وردی لەسەربکرێت
1361 جار خوێندراوەتەوە