فیفا تاوتوێى گۆڕانكاریی لە چۆنیەتى بەڕێوەچوونى مۆندیال دەکات

KNN : Kurdish News Network
06:41 - 13/10/2021
وەرزش
+
-

سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی زانیارى نوێ لەبارەى زیادکرنى ژمارەى هەڵبژاردە بەشداربووەکانى جامى جیهانی و کاتى بەرێوەچونى ئەو بۆنە وەرزشیە جیهانیە ئاشکرا دەکات.

 

لەنوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە گۆڕانكاریەكانی جامی جیهانی، جیانی ئینڤانتینۆ سەرۆكی یەکێتى تۆپى پێى نێودەوڵەتى (فیفا) رایگەیاند، رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەى لە مۆندیالی ساڵی (2026) ەوە (48) هەڵبژاردە بەشداریى بكەن و بەرزكردنەوەی ژمارەی هەڵبژاردە بەشداربوەکان لەو مۆندیالەوە یەكلایی بۆتەوە.

 

سەرۆكی فیفا راشیگەیاند، گفتوگۆكردن لەبارەى گۆڕینی كاتی بەرێوەچوونی مۆندیال، لە چوار ساڵ جارێکەوە بۆ دوو ساڵ جارێك بەردەوامە، بەڵام هێشتا نەگەیشتونەتە بڕیار و رێككەوتنی كۆتایی و گفتوگۆكانیشیان لەوبارەیەوە درێژەی دەبێت.

 

لەبەشێكی لێدوانەكەیدا ئینڤانتینیۆ ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، بەرێوەچوونی مۆندیال لەدوو ساڵدا گرنگی ئەو پاڵەوانێتیە كەم ناكاتەوە، بەهۆی ئەوەی هەوادارانی تۆپی پێ دەیانەوێت زوتر روداوە گەورەكانی تۆپی پێ ببیننەوە.

 

فیفا پێشنیازی بۆ گۆڕینی كاتی مۆندیال كردوە، بەڵام لەلایەن یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا و ئەمریكای لاتین و زۆربەی یەكێتیەكانی تۆپی پێ لە ئەوروپا و زۆرێك لە كەسایەتیەكانی تۆپی پێ رەتدەكرێتەوە.

254 جار خوێندراوەتەوە