ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردن درێژکرایەوە

KNN : Kurdish News Network
02:14 - 22/09/2021
عێراق
+
-

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ماوەى ئەنجامدانى بانگەشەى هەڵبژاردنى درێژ دەکاتەوە.

 

جومانە غەلاى، وتەبێژى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، ئەنجومەنى کۆمسیاران بڕیاریدا رێگە بە کاندیدانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بدرێت تاکو کاتژمێر شەشى بەیانى رۆژى (9/10/2021) هەڵمەتى بانگەشە ئەنجام بدەن.

 

رونیشیکردەوە، ئەو بڕیارە بەپشت بەستن بە مادەى (22) لە یاساى ژمارەى نۆى ساڵى (2020) ى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق دراوە کە دەقەکەى دەڵێت "ئەنجامدانى بانگەشەى هەڵبژاردن مافێکى گرەنتیکراوە بە پێى حوکمەکانى ئەم یاسایە کە لە رۆژى پەسەندکردنى ناوى کاندیدەکانەوە دەستپێدەکات و تاکو (24) کاتژمێر بەر لە ئەنجامدانى هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت".

 

ئەوە لەکاتێکدایە بەپێى بڕیارێکى پێشوترى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە لە رۆژى (8/7/2021) دەرچوە، کاتژمێر شەشى بەیانى رۆژى (7/10/2021) وەک وادەى کۆتایى هاتنى بانگەشەى هەڵبژاردن دیارى کراوە.

1443 جار خوێندراوەتەوە