سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشدارى لە بارەى هەڵگیرسانى گەڕێکى دیکەى جەنگى سارد دەدات

KNN : Kurdish News Network
06:29 - 20/09/2021
جیهان

سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارى لەبارەى هەڵگیرسانى جەنگى سارد لە نێوان ئەمەریکا و چین دەدات و داواکاریەکیش ئاراستەى ئەو دوو زلهێزە ئابورییەى جیهان دەدات

بەرلە کۆبونەوەى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسى هەواڵى ئەسۆشەیتد پرێس، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز داواى لە ئەمەریکا و چین کرد چاکسازى لە پەیوەندییەکانى نێوانیاندا بکەن، بەرلەوەى کێشەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە خاوەن هەژمونە  کاریگەرى لەسەر جیهان دروست بکات.  

سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا رایگەیاندوە، پێویستە ئەو دوو هێزە ئابورییە سەرەکیەى جیهان هاوکارمان لەپرسى کەش و هەوا، هەروەها دانوستانى جدى بکەن لە بارەى بارزگانى تەکنەلۆژیا.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، پێویستمان بە دووبارە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان ئەمەریکا و چینە، چونکە کێشەى گۆڕانکارى کەش و هەوا و پرسى دابەشکردنى ڤاکسینى کۆرۆنا و ئاڵەنگارییەکانى دیکەى جیهان بەبێ بوونى پەیوندییەکى بەهێز لە نێوان ئەو دوو هێزە گەورەیە چارەسەر نابن.

قسەکانى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان لەکاتێکدایە  لەچەند رۆژى رابردوودا جۆبایدن  سەرۆکى ئەمەریکا و شى جین بینگ سەرۆکى چین پەیوەندیەکى تەلەفۆنیان ئەنجامدا، کە تێیدا سەرۆکى ئەمەریکا بە هاوتا چینیەکەى راگەیاند، دەیانەوێت لەگەڵ چیندا لە دۆخى کێبرکێدا بمێننەوە و خواستى ئەوەیان نیە ئاستى پەیوەندیەکانیان بگاتە ململانێ.

 

لەبەرامبەریشدا سەرۆکى چین رایگەیاندبوو، چارەنوسى داهاتوى جیهان پەیوەستە بە تواناى وڵاتەکەى و ئەمەریکا بۆ بەرێوەبردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان بەشێوەیەکى باش.  

427 جار خوێندراوەتەوە