ئەو کێشەیە چى بوو وایکرد سەرۆک وەزیرانى ئیمارات بەشدارى لوتکەى بەغدا نەکات

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 28/08/2021
عێراق
+
-

جوڵەیەکى وەزیرى دەرەوەى ئێران لە کاتى وێنەگرتنى بەشداربوانى لوتکەى بەغدا، بوە هۆى ئەوەى سەرۆک وەزیرانى ئیمارات بەشدارى لوتکەکە نەکات. بەشێک لە بەکارهێنەرانى سۆشیال میدیاش رەخنە لە پڕۆتۆکۆڵى لوتکەکە دەگرن و بە قەیران ناوى دەبەن.

بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى ئەنادۆڵ، لەکاتی وێنەگرتنى بەکۆمەڵى سەرکردەکانی بەشداربو لە لوتکەى بەغدا، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران، دێتە ریزی یەکەمی بەشداربوان کە شوێنی سەرۆکه‌کانە و لە تەنیشت محەمەد بن راشد ئال مەکتوم دەوستێت و ئەوەش ناڕەزایەتی ئال مەکتومی لێکەوتوەتەوە و بوەتە هۆی بەشداریی نەکردنی ناوبراو لە لوتکەکەدا.

ئەوەشخراوەتەڕو، محەمەد بن راشد ئال مەکتووم لە کاتێکدا بەمەبەستی بەشداریی کردنی لە لووتکەی سەرکردەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق گەیشتبووە بەغدا، بەڵام بەهۆی بونی کێشەیەک لە پرۆتۆكۆڵی لوتکەكه‌دا، بەشداریی لە لوتکەی بەغدا بۆ هاوکاریی و هاوبەشییدا نەکرد.

بەپێى هەواڵەکە، ئەوەی بوە جێی سەرنج، لەکاتی بەڕێوەچونی لوتکەکەدا، محەمەد بن راشد ئال مەکتووم نەبینرا و لەبری ئەو، وەزیری وزە و ژێرخانی ئیمارات، سوهێل مەزروعی وتاری وڵاتەکەی پێشکەش کرد.

هاوکات، به‌ پێی ئەو گرتە ڤیدیۆیی و وێنانەى لە سۆشیال میدیا بڵاوکراونەتەوە، لەکاتی گرتنی وێنەی بەکۆمەڵی سەرکردەکانی بەشداربوو لە لوتکەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران، دێتە ریزی یەکەمی بەشداربوان کە شوێنی سەرۆکه‌کانە و لە تەنیشت محەمەد بن راشد ئال مەکتوم دەوستێت لە کاتێکدا شوێنی وەزیرانی بەشداربوو لە لوتکەکەدا لە ریزی دوەمدایە و دەوترێت حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان لە شوێنی محەمەد بن راشد ئال مەکتوم وەستاوە، ئەوەش نیگەرانی ئال مەکتوومی بەدوای خۆیدا هێناوە، و بەشێک لە بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا رەخنە لە پرۆتۆكۆڵی لوتکەکە دەگرن و بە قەیران ناوی دەبەن.

15940 جار خوێندراوەتەوە