تاڵیبان مەرجەکانى لەبارەى ژنان و مۆسیقاوە روندەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
12:36 - 26/08/2021
جیهان

وتەبێژى تاڵیبان رایدەگەیەنێت؛ ژنان مافى ئەوەیان هەیە بەتەنیا لەماڵ بچنە دەرەوە. دەشڵێت: مۆسیقا لە ئیسلامدا رێگەى پێنەدراوە و لە داهاتوشدا لە شوێنە گشتییەکان قەدەغەى دەکەین.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەى نیویۆرک تایمزى ئەمەریکى، زەبیحوڵا موجاهید راگەیاند: دەمانەوێت لە داهاتودا ئەفغانستان ئاوەدان بکەینەوە و سەرجەم ئەو شتانەى لە رابردودا رویانداوە لە بیر بکرێن.

باسلەوەشدەکات، دەنگۆى راوەدونانى نەیارانى تاڵیبان دورە لە راستییەوە و ئەو گومانانەش رەتدەکەنەوە بەهەمان شێوەى (20) ساڵ پێش ئێستا فشار لەسەر ژنان بکەن.

وتەبیژى تاڵیبان وتیشى،" ئەو ژنانەى ئەفغانین و کاردەکەن پێویستە بۆ ماوەیەک تا دابینکردنى سیستمێکى گونجا و لەماڵەکانیاندا بمێننەوە، چونکە پێویستمان بەوەیە چەکدارەکانمان لەبارەى رەفتارکردن بەرامبەر ژنان پەروەردە بکرێن و رێنماییان پێ بدرێت".

دەشڵێت: ژنان لە داهاتودا دەتوانن بەشێوەیەکى ئاسایى بەشداربن لە ژیانى رۆژانەدا و ناچار ناکرێن پەچە بکەن.

لەبارەى ناچارکردنى ئافرەتان کە هەر کاتێک بچنە دەرەوە پێویستە پیاوێک لەگەڵیان بیت، موجاهید وتى: ژنان دەتوانن بەتەنها بچنە دەرەوە و ئیش و کارى رۆژانە ئەنجام بدەن، بەڵام ئەگەر چونە دەرەوەیان لە دوو رۆژ زیاتر بێت پێویستە پیاوێک هاوەڵیان بکات.

" لە ئیسلامدا مۆسقا رێگە پێنەدراوە، بۆیە لە داهاتودا لە شوێنە گشتییەکان مۆسیقا قەدەغە دەکرێت و ئەم قەدەغەیە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنن، بەڵام بە رێگەى بڕوا پێهێنان نەک بەزۆرەملێ" زەبیحوڵا موجاهید لە بارەى مۆسیقاوە واى وت.

بەپێى رۆژنامەکە، چاوەروان دەکرێت زەبیحوڵا موجاهید لە حکومەتى داهاتوى ئەفغانستاندا پۆستى وەزیرى زانیارى و کلتور وەربگرێت.

3389 جار خوێندراوەتەوە