زۆرن ئەو قسە و بیروباوەڕانەی لەبارەی جەستەی مرۆڤەوە دەكرێت و زۆر كەس
بە ڕاستیان تێگەشتووە بەشێوەیەكی فراوان لەناو خەڵكدا باسی لێوەدەكرێت، تەنانەت زۆر
كەس بە بابەتی زانستی دەزانن، بەڵام خۆی لەخۆشدا ڕاست نین و كۆمەڵێك هەڵەن كە تەنها
بۆ قسە باسكراوە.
ماڵپەڕی براید سادی ئەمریكی ڕاپۆرتێكی تایبەتی لەوبارەیەوە ئامادەكردووە،
ئاشكرای كردووە كۆمەڵێك قسە لەبارەی بەش و ئەندامەكانی جەستەوە باس دەكرێت كە بنەمای
زانستی نییە و تەنها ئەفسانە و چیرۆكی ناو خەڵكە.
1- سەرتاشین قژ بەهێز دەكات: ئەوانەی قژیان لاواز و تەنكە زۆرجار داوایان
لێدەكرێت سەریان بتاشن و قژ سفر بكەن بۆ ئەوە بە بەهێزتر بێتەوە، بەڵام ئەوە هیچ
بنەمایەكی زانستی نییە، ئەو قژە تازەیەش كە دێتەوە زبرە و ڕەنگی تۆخە، ئەوەش بەهۆی
ئەوە قژەكە هێشتا تیشكی خۆر و ماددەی كیمیایی بەرنەكەوتووە، دوای ماوەیەكیش ئاسایی
ڕەنگی كاڵ دەبێتەوە، بۆیە باسكردن لەوە قژە تازەكە بەهێزتر و تۆخترە هیچ ڕاست نییە.
2- مرۆڤ ساڵانە لەكاتی خەوتندا هەشت جاڵجاڵۆكە قوتدەدات: كاتێك كەسێك دەخەوێت
بەهیچ جۆرێك جاڵجاڵۆكە لێی نزیك نابێتەوە، چونكە بەرگەی هەناسە و دەنگی خەوتنی كەسەكە
ناگرێت، هەروەها لەشی مرۆڤ بەراورد بەو مێرووە بچوكە زۆر گەورەیە بۆیە وەك بەشێك لە
ژینگەكەی دەوروبەری دەیبینێت، لە هەمووشی گرنگتر مرۆڤ لەكاتی خەودا ئەگەر جاڵَجاڵۆكە
لێی نزیك بێتەوە یاخود هەوڵ بدات بچێتە دەمییەوە ڕاستەوخۆ خەبەری دەبێتەوە.
3- پەنجە تەقاندن دەبێتە هۆی هەوكردنی جومگە: ئەو دەنگەی لەكاتی تەقاندنی
پەنجەدا دەبیسترێت، بەهۆی جۆرە شلەیەكەوەیە و هاوشێوەی زەیتێكە بۆ جومگەكان، لەكاتی
تەقاندنیشدا لەشوێنی خۆی دەرەچێت و ئەو دەنگەی دێت، چەندین توێژینەوەش سەلماندویانە
نابێتە هۆی هەوكردنی جومگە، بەڵام باشترە ئەو كارە نەكرێت چونكە دەبێتە هۆی
لاوازبونی دەست.
4- گێزەر سودی بۆ بەهێزكردنی بینین هەیە: گێزەر بەیەكێك لە سەرچاوە سەرەكییەكانی
ڤیتامین ئەی دادەنرێت، ئەوەش سودی بۆ ئەوە هەیە مرۆڤ باشتر ببینێت بەتایبەت لە شەودا،
بەڵام باسكردن لەوەی گێزەر هەستی بینین بەهێز بكات بۆ ئەوانەی چاویان كزە ڕاست نییە.
5- لەكاتی پژمەدا دڵ لە لێدان دەوەستێت:كاتێك كەسێك ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی
بپژمێت، لەو كاتەدا فشار لەسەر دڵ زیاتر دەبێت، بۆیە شتێكی سروشتییە گۆڕانكاری لە
لێدانەكانی دڵدا ڕووبدات، زۆر كەس وا هەست بكات لەو كاتەدا دڵ وەستاوە، بەڵام لەڕووی
زانستییەوە ئەوە هیچ ڕاست نییە و دڵ ناوەستێت.
2756 جار خوێندراوەتەوە