بە راپۆرتێک، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارى
دەدات لە بەرزبونەوەى خێراى پلەى گەرمى گۆى زەوى لە (10) ساڵى داهاتودا.
بەپێى راپۆرتى پانێڵى نێودەوڵەتى گۆڕانکارى کەش
و هەواى سەر بە رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، تاساڵى (2030) ئاستى گەرماى سەر
زەوى (1.5) پلە بەرز دەبێتەوە.
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، پێشبینى دەکرا گەرمبونى زەوى بەو رێژەیە لە ساڵى (2040) روبدات،
بەڵام بەهۆى گۆڕانکارییە خێراکان (10) ساڵ هاتۆتە پێشتر.
لە بەشێکى
دیکەى راپۆرتى پانێڵى نێودەوڵەتى گۆڕانکارى کەشو هەوا ئەوە خراوەتەڕو کە لە ساڵانى
داهاتودا بەهۆى بەرزبونەوەى پلەى گەرما روداوە سروشتییە دەگمەنەکان زیاتر دەبن،
بۆنمونە بەرزبونەوەى پلەى گەرما لە وەرزى هاویندا بەشێوەیەک ئەگەر لە رابردودا (50)
ساڵ جارێک رویبدایە، لەمەودوا ساڵانە رودەدات.
لەبارەى
وشکەساڵیشەوە راپۆرتەکە ئاماژەى بەوەکردووە، رێژەى وشکەساڵى (1.7) زیاتر دەبێت و
ماوەکەشى درێژتر دەبێت. بەشێوەیەک ئەگەرى ئەوە هەیە دارستانەکان روبەڕوى ئاگرى
بەردەوام ببنەوە.
رونیشى
کردۆتەوە، ئەگەر مرۆڤایەتى بتوانێت گەرمبونى گۆى زەوى لە (1.5) پلەشدا رابگرێت،
ئەوا ئەو پێشبینیانە تا رادەیەکى زۆر رودەدەن بەتایبەت بەرزبونەوەى ئاستى ئاوى
دەریاکان کە لەچەند سەد ساڵى داهاتودا لە نێوان (2 بۆ 3) مەتر دەبێت، هەروەها وشکەساڵى
و سوتانى دارەستانەکان و روداوە سروشتییە دەگمەنەکان یەکێکى تر دەبن لەو
پێشبینیانەى کە ئەگەرى رودانیان بەهێزە.
لە راپۆرتەکەدا
پسپۆڕان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەو وڵاتانەى کە کەوتونەتە کەرنار دەریا و پێشتر (100)
ساڵ جارێک بەهۆى بەرزبونەوەى ئاوى دەریا کارەساتى لافاوى روى لێدەکردن، لەمەودوا
ساڵانە ئەو وڵاتانە لەبەردەم ئەو هەڕەشەیەدا دەبن.
لەبارەى سەهۆڵبەندانى کیشوەرى باکورى گۆى زەوى راپۆرتەکە پێشبینى کردووە لە باشترین سیناریۆدا تا ساڵى (2050)
سەرجەمى ئەو سەهۆڵبەندانانە بتوێنەوە.
راپۆرتەکە
بەنیگەرانیەوە لە هەوڵەکان دەڕوانێت و پێى وایە، هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لەو
گەرمایە لە ئاستێکى لاوازدایە و هۆکارى بەرزبونەوەى پلەى گەرماش مرۆڤ خۆیەتى،
ئەوەش لە رێگەى بەگەڕخستنى پیشەسازى و دوکەڵى کارگەکان.
653 جار خوێندراوەتەوە