باکورى سوریا؛ هێزەکانى سوریا دوو سەربازى تورک دەکوژن

KNN : Kurdish News Network
09:24 - 25/07/2021
جیهان
+
-

لە شارى باب لە باکورى سوریا، هێزەکانى سەر بە رژێم هێرش دەکەنە سەر بنکەیەکى سەربازى سوپاى تورکیا و دوو سەرباز دەکوژن. وەزارەتى ناوخۆى تورکیاش دەڵێت: دیارنیە کە کێ ئەو هێرشەى ئەنجامداوە.

ئاژانسى میزۆپۆتامیا، لە زارى چەند سەرچاوەیەکەوە ئاشکرایکردووە کە لە شارى باب لە باکورى سوریا لەلایەن هێزەکانى سەر بە رژێمەکەى ئەسەد، هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکى سوپاى تورکیا و لە ئەنجامدا دوو سەربازى تورک کوژراون.

لاى خۆیەوە، وەزارەتى ناوخۆى تورکیا لە بەیاننامەیەکدا وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى کوژرانى دوو سەربازیان لە ناوچەى (قەڵغانى فورات) کە زرێپۆشێک لە جۆرى (کیرپى) کە سەربازى سوپاى تورکیاى تێدابوون بە ئامانج گیراوە.

هاوکات ئاشکراشیکردووە، لە هێرشەکەدا دوو سەربازى دیکەش برنداربوون.

لە بەیاننامەکەى وەزارەتى ناوخۆى تورکیا ئاماژە بەوە نەکراوە کە هێرشەکە لەلایەن چ لایەنێکەوە ئەنجامدراوە، بەڵام لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە دواى روداوەکە چەند ناوچەیەکى (تیرۆریستان) کراونەتە ئامانج.



650 جار خوێندراوەتەوە