رێبەرى باڵاى ئێران، لە دواى وەرگرتنى ژەمى دووەمى ڤاکسینى کۆرۆنا لەسەر
چەند پرسێکى ناوخۆیى ووڵاتەکەى قسەی کرد و رایگەیاند: پێویستە بە زوترین کات
کێشەکانى پارێزگاى خوزستان چارەسەر بکرێن. ئەمنێستى ئینتەرناشناڵیش ئاشکرایدەکات، تائێستا هەشت خۆپیشاندەر
لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
رێکخراوى ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ راپۆرتێکى لەبارەى خۆپیشاندانەکانى
پارێزگاى خوزستانى ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند: هێزە ئەمنییەکان بۆ
روبەڕوبونەوەى خۆپیشاندەران توندوتیژى و چەکیان بەکارهێناوە.
ئاشکرای دەکات؛ بەهۆى بەکارهێنانى توندوتیژیی وچەکەوە لەلایەن هێزە ئەمنییە
رێگەپێنەدراوەکانەوە، لانیکەم هەشت خۆپیشاندەر کوژراون.
لاى خۆیەوە، عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران، ئەمڕۆ هەینى لە دواى
وەرگرتنى دووەم ژەمى ڤاکسینى کۆرۆنا لێدوانى لەبارەى دۆخى ناوخۆیى ووڵاتەکەیدا و
رایگەیاند: دەبێت بە زوترین کات کێشە و گرفتەکانى پارێزگاى خوزستان چارەسەر بکرێن.
هەروەک درەنگ کەوتنى کوتان بە ڤاکسین بۆ خەڵکى ئێرانى خستە ئەستۆى وڵاتانى
فرۆشەرى ڤاکسین و باسى لەوەکرد، بەم کارە سەلماندیان کە دەبێت ئێران پشت بە تواناى
ناوخۆى ببەستێت نەک لایەنى دەرەکى.
زیاتر لە هەفتەیەکە، دانیشتوانى پارێزگاى خوزستان لە ئێران کە زۆرینەیان
عەرەب نشینن هاتونەتە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، ئەوەش دواى ئەوەى
شەپۆلێکى بەرفراوانى وشکەساڵى پارێزگاکەى گرتۆتەوە و سەرچاوەى دەوڵەمەندى پارێزگاکەى
لە روى سەرچاوەى سروشتییەوە توشى کێشە و گرفتى گەورە کردووە.
573 جار خوێندراوەتەوە