چەند رێگایەک بۆ پاراستنى ئۆتۆمبێلەکەت لە سوتان

KNN : Kurdish News Network
09:57 - 10/07/2021
زانستی
+
-

لە وەرزی هاویندا و بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما مەترسی ئاگركەوتنەوە لە ئۆتۆمبیلەكاندا زیاد دەبێت، ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە بەتایبەت بونی ئەو كەلوپەلانەی ئەگەرى تەقینەوە و گڕگرتنیان هەیە لە گەرمی بەرزدا، بەتایبەت شوشەی بۆن و موعەتەر یاخود بەردەوام كارپێكردنی تەبریدی ئۆتۆمبیل بەشێوەیەكی هەڵە.

مەمدوح عەبدولقادر بەڕێوبەری پێشووی بەرگری شارستانی شاری قاهیرەی پایەتەختی میسر كە ئەزمونێكی زۆری لەو بوارەدا هەیە، چەند ئامۆژگارییەكی پێشكەشی شۆفێران كردووە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەكانیان لە مەترسی ئاگركەوتنەوە بپارێزن.

 ئەو پسپۆڕەی بەرگری شارستانی داوا دەكات، لە وەرزی هاویندا تەنكی ئۆتۆمبیل پڕنەکرێت لە بەنزین، باشتریشە لە بەیانیان یاخود شەواندا بەنزین بكرێتە ئۆتۆمبیلەوە، چونكە لەو كاتانەدا پلەی گەرمی نزمترە و مەترسی گڕگرتن كەمترە.

مەمدوح عەبدولقادر داواى لە شۆفێران كردووە، هەركاتێك بۆنی بەنزینیان كرد راستەوخۆ ئۆتۆمبێلەکانیانیان بوەستێنن و دڵنیا ببنەوە لەوە لە هیچ شوێنێكەوە بەنزین دزەی نەكردووە، هەروەها جامی ئۆتۆمبێلەكەیان بكەنەوە بۆ رۆشتنی بۆنی بەنزینەكە.

یەكێكی دیكە لە رێنماییەکانى بەڕێوبەری پێشووی بەرگری شارستانی قاهیرە، جگەرەنەكێشانە لە ئۆتۆمبێلدا، چونكە ئەو كردارە جگە لە زیانە تەندروستییەكانی بۆ كەسەكە ئەگەر ئاگر كەوتنەوەش زیاد دەكات.

بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێل لە هاویندا دەبێت پشكنین بۆ تەبرید و خەزانی ئاو بكرێت بۆ ئەوەی حەماوەی ئۆتۆبێلەكە هەڵنەسێت، هەروەها پشكنین بۆ رۆن و پاترییەکەى بكرێت.

مەمدوح عەبدولقادر بەڕێوبەری پێشووی بەرگری شارستانی شاری قاهیرە لەبارەی تەبریدی ئۆتۆمبیلەوە باس لەوە دەكات، دەبێت هەنگاو بە هەنگاو زیاد بكرێت نەك لە پڕێكدا بخرێتە سەر دوا نمرەی، جەخیشدەكاتەوە لەسەر جێنەهێشتنی هیچ كەرەستیەك كە ئەگەری گڕگرتنی هەیە لە ناو ئۆتۆمبیلدا، یاخود هەر شتێك كە ماددەی كحولی تێدا بێت، چونكە ئەگەر تەقینەوەی هەیە.

1616 جار خوێندراوەتەوە