نوێترین مۆبایلی گالەکسی چ تایبەتمەندییەكی تێدایە؟

KNN : Kurdish News Network
01:41 - 09/07/2021
زانستی

كۆمپانیای سامسۆنگ بۆ بەرهەمهێنانی ئامێری مۆبایل، بەم زووانە نوێترین بەرهەمەكانی دەخاتە بازاڕەوە كە تایبەتمەندی جیاوازی تێدایە و دەتوانرێت بچەمێنرێتەوە.

 

 
ماڵپەڕی (Tech Reader) تایبەت بە هەواڵ و بابەتی تەكنەلۆژی ئاشكرایكردووە، سامسۆنگ بەم زووانە دوو نوێترین جۆری مۆبایلی گالەكسی دەخاتە بازاڕەكانەوە بەناوەكانی (Z Fold 3) و (Galaxy Z flip).

 

بەپێی زانیارییەكانی ماڵپەڕەكە هەردوو جۆری مۆبایلەكە چەماوەن، بەڵام ئەوەی جیاوازە لە نێوانیاندا ئەوەیە، جۆری (Z Fold 3) بەشێوەیەكی ستونی دەچەمێتەوە، بەڵام (Galaxy Z flip) بە ئاسۆیی دەنوشتێتەوە.

 

بڕیارە هەردوو جۆری مۆبایلەكە لە مانگی ئابدا بخرێتە بازاڕەكانەوە و بەردەست بێت بۆ كڕیاران، بەڵام تائێستا نرخەكانیان ئاشكرا نەكراوە.

 

مۆبایلی فلۆت توانای چەمانەوەكەی بە پێوانەی 7.55 ئینجە، هەروەها پێنج كامێرای هەیە كە سیانیان لە پشتنەوە و دوانیان لە پێشەوەیە، یەكێك لەوانەی پێشوەش بەژێر شاشەی مۆبایلەكەدایە، ئەوەش وەك تاقیكردنەوەیەكە كە بۆ یەكەمجارە كۆمپانیاكە دەیكات.

 

لەلایەكی دیكەوە ماڵپەڕی  (Korean Herald) كۆریای باشور ئاماژەی بەوەكردووە، كۆمپانیا سامسۆنگ هەر لەم ساڵدا جۆرێكی دیكەی مۆبایل لەناوی (Z flip) دەخاتە بازاڕەكانەوە، كە ئەویش بەهەمان شێوەی دوو جۆرەكەی دیكە دەچەمێتەوە.

 

لەلایەكی دیكەوە كۆمپانیای سامسۆنگ باسی لەوەكردووە، لەمساڵدا هیچ جۆرێكی مۆبایلی نۆت ناخانە بازاڕەوە، بەڵام بەرهەمهێكی دیكەی جێگرەوەیان دەبێت كە ناوی (Galaxy S21 Ultra)یە.

 

لەلایەكی دیكەوە ماڵپەڕی (9to5google) تەكنەلۆژی باسی لەوەكردووە، نمایشی بەرهەمەكانی ئەمساڵی سامسۆنگ، كاتژمێری (Galaxy Watch 4) تێدایە كە لەبارەی تێچونی ئاوەوە چاكردنی تەواوی بۆ كراوە، هاوكات هیدفۆنی جۆری (Galaxy Buds 2) دەخاتە بازاڕەوە.

621 جار خوێندراوەتەوە