بڵاوبونەوەی وێنەی یەكەی ژنانی سوپای ئۆكرانی لە
پێڵاوی بەرزەوە لەكاتی ئەنجامدانی مەشق و ڕاهێنانەكان
و ئامادەكارییەكانیان، بۆ ئەو نمایشە سەربازییەی مانگی داهاتوو ئەنجامی دەدەن، دەنگدانەوەی
زۆری لێدەكەوێتەوە و بەرپرسیانی ئەو وڵاتە توڕە دەكات.
ئۆكرانیا ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی لە 24
مانگی ئابی داهاتوودا، بەبۆنەی تێپەڕینی 30 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی وڵاتەكەیاندا، دوای
هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی نمایشێكی گەورەی سەربازی پێشكەش بكەن، لەئێستاشەوە ڕاهێنان
و ئامادەكارییەكان بۆ نمایشەكە دەستی پێكردووە.
وەزارەتی بەرگری چەند وێنەیەكی یەكەی ژنانی
سوپای بڵاوكردۆتەوە كە بە پێڵاوی پاژنە بەرزەوە بەسەر ڕێگای سەربازیدا دەڕۆن، بەڵام
تائێستا وەزارەتەكەوە ئەوەی یەكلا نەكردۆتەوە كە نمایشەكەش بەو پێڵاوانەوە دەكرێت یاخود
نا.
ڕۆژنامەی زە سەنی بەریتانی ئاشكرای كردووە، بەشێكی
یاساناسانی ئۆكرانیا و ئەوانەی نزیكن لە پێترۆ پۆشینكۆی سەرۆكی پێشووی ئۆكرانیاوە،
پێڵاوی بەرز بە بەشێك لە جلوبەرگی سەربازی دەزانن، بەڵام چەنج ئەندام پەرلەمانێك
باسیان لەوەكردووە بە بینینی وێنەكان توشی شۆك بوون، داوایان لە ئەندری تاران وەزیری
بەرگری كردووە داوای لێبوردن بكات.
ئینا سۆفسۆن خانمە ئەندام پەرلەمانی ئۆكرانیا
ئاماژەی بەوەكردووە، ئامانج لە بڵاوكردنەوەی ئەو وێنانە سوكایەتیكردنە بە خانمە جەنگاوەرەكان
لە سوپادا، جەخیشیكردۆتەوە لەسەر زیانە تەندروستییەكانی پێڵاوی بەرز لەو جۆرە نمایش
و كارانەدا.
"سەربازە ژنەكان وەكو پیاوانی سوپا ژیانیان
دەخەنە مەترسییەوە، پێویست بە گاڵتەپێكردنیان ناكات" ئەندام پەرلەمانەكە وادەڵێت.
لای خۆیەوە ئۆلینا كۆندراتیۆك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی
دادوەری بەپێویستی دەزانێت بەرپرسان داوای لێبوردن لەو كارە بكەن و لێكۆڵینەوەش لەو
بارەیەوە بكرێت، ئەوەش بە "ریسواكردنی ژنان" ناوبردووە.
زیاتر لە 31 هەزار ژن لە ڕیزی هێزە چەكدارەكانی
ئۆكرانیا خزمەت دەكەن، لەو ژمارەیەش چوار هەزاریان پلەی ئەفسەریان هەیە.

2372 جار خوێندراوەتەوە