سەرچاوەیەک بۆ (KNN): بەغدا موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت

KNN : Kurdish News Network
08:05 - 15/06/2021
عێراق
+
-

سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)ی رایگەیاند، بەغدا رەزامەندی نیشاندا لەسەر ناردنی (200) ملیار دیناری مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

 

هاوکات،سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم هەواڵەکەی بۆ دیجیتاڵ میدیای (KNN) پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی نیشانداوە بە ناردنی (200) ملیار دیناری مانگانە وەک شایستەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە (1/1/2021).

 

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق، دوای وردبینی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر داتاکانی تایبەت بە داهاتە نانەوتییەکان ئەو بڕە پارەیە پاکتاو دەکرێت، بەهەماهەنگی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم داواکاری و رێکارەکانی هاتوو لە بڕگەکانی (‌‌‌‌ءا، ب ، د) لە بەدی دووەم لە ماددەی (11)ی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی ساڵی (2021).

 

 

بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری و شاندی حکومەتی هەرێم، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێکەوتن لەسەر رێکارە هونەرییەکانی پابەندبون بە یاسای بودجەی فیدراڵەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە رادەستکردنی (50٪)ی داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوت، چونە بەغدا و لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتی دارایی عێراق کۆبونەوە.

 

هاوکات، ئەمڕۆ سێ شەممە  به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی بڕگه‌یەکى مادەى (11ی) یاسای بودجەی ساڵی (2021)ى عێراق به‌ ئاڕاسته‌ی دیاری كردنی میكانیزمێك بۆ چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردن و پاكتاوكردنی قه‌رزه‌كانی بانکى بازرگانى عێراق (تی، بی، ئای) لە‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوەی یاساکەدا، ئاوات جەناب نوری وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ بەرێوەبەرى بانکى بازرگانى عێراق کۆبووە.

 

تایبەت بە دیجیتاڵ میدیای (KNN)

2900 جار خوێندراوەتەوە