ئایا سناپ چات سیخوڕیت بەسەرەوە دەكات؟

KNN : Kurdish News Network
04:27 - 10/06/2021
زانستی
+
-

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سناپ چات كە وایكردووە جیاوازبێت لە تۆڕە كۆمەڵاییەكانی دیكە، هەبوونی بەشی (Snaps) كە بەتەواوی لە بەكارهێنانی تۆڕەكەدا پشتی پێدەبەسترێت.

وادانراوە كە پێكهاتەكانی (Snaps) تایبەت بێت بەو كەسەی دیاری دەكەیت شتەكە بیبینێت و بۆی دەنێریت، ئەوەش كە دەنێردرێت كاتییە و دوای (24) كاتژمێر لە بینینی ون دەبێت.

ئەوەی بۆتە پرسیار لای زۆر كەس، ئایا بە ڕاستی لەو ماوە زەمەنییەدا ئەو ماددەیە ون دەبێت یاخود دەسڕدرێتەوە؟ هەروەها ئایا ئەندامانی كۆمپانیاكە دەتوانن ئەو بابەتە تایبەتمەندانەی تۆ ببینن؟

لەڕاستیدا دەتوانین بڵێین كۆمپانیای سناپ چات لەڕووی تەكنیكییەوە دەتوانێت بگات بەو شتەی تۆ بڵاویدەكەیتەوە، بەڵام سیاسەتی بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكە جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی، ئەو ڤیدیۆیە یاخود ئەو وێنەیەی بە تایبەت دەینێریت بە تایبەت دەمێنێتەوە و هیچ كەسێكی كۆمپانیاكە نایبینێت، ئەگەر كەسەكە خۆی بەشێوەیەكی گشتی بڵاوینەكاتەوە.

ئەو تایبەتمەندییە وایکردوە، سناپ ببێتە یەكێك لە بڵاوترین و پڕ بەكارهێنەرترین تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، زۆر كەس بەهۆی پاراستنی ئەو تایبەتمەندییەوە بە تۆڕی ژمارە (یەك) ناویانبردووە.

كۆمپانیاكە بەكارهێنەرانی دڵنیادەكاتەوە لەوەی (Snaps) دوای بینینی ڕاستەوخۆ دەسڕدرێتەوە، ئەگەر كەسەكەش نەیبینێت ئەوا دوای (24) كاتژمێر بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیك دەسڕدرێتەوە.

سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی نامەش لەنێوان بەشداربوواندا، نامە؛ دوای بینینی ڕاستەوخۆ دەسڕدرێتەوە، ئەگەر نەشبینرێت تا ماوەی (30) ڕۆژ دەمێنێتەوە.

هەرچەندە كۆمپانیاكە جەخت دەكاتەوە لەسەر پاراستنی تایبەتمەندی لە تۆڕەكەیدا، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە سەیركردنی بابەتە تایبەتەكانەوە هەیە، هاوكات باسی لە چەند خاڵێك كردووە ئەگەرى هەیە بەهۆیەوە كۆمپانیا سەیری شتەكانت بكات، ئەوەش لە چەند بابەتێكی یاساییدا ڕوویداوە كە وەك بەڵگەیەك بەرامبەر بە كەسی تۆمەتبار بەكارهاتووە.

1075 جار خوێندراوەتەوە