حەوت ساڵ بەسەر كەوتنی موسڵ و داگیركردنی لەلایەن داعش تێدەپەڕێت

KNN : Kurdish News Network
02:15 - 10/06/2021
عێراق
+
-

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر كەوتنی شاری موسڵی دووەم گەورەترین شاری عێراق و داگیركردنی لەلایەن چەكدارانی داعش لە رۆژی (10) حوزەیرانی ساڵی (2014) تێدەپەڕێت، رۆژێك كە رەنگە هەروا بە ئاسانی لە بیری خەڵكی عێراق و دانیشتوانی ناوچە سوننە نشینەكان نەچێتەوە و لە مێژووی عێراقدا بۆ ماوەیەكی زۆر بمێنێتەوە و كەوتنی ئەو شارەش بە گەورەترین رووداوی ئەمنی و سەربازی عێراق لە دوای روخانی رژێمی سەدام لە ساڵی (2003) دادەنرێت.

كەوتنی شاری موسڵ دەرەنجامی هەر هاوكێشەیەكی سیاسی، ئەمنی و ناوچەیی پشت پەردەبێت كە تاكو ئێستاش بەشێك لە نهێنیەكانی ئاشكرا نەبوون و بە تەمومژاوی ماونەتەوە، لە رواڵەتدا بە رۆژی شكانی شكۆ و هەرەسهێنانی توانای سەربازی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە دوای (11) ساڵ لە روخانی رژێمی سەدام و بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە بە هاوكاری ئەمریكا و هاوپەیمانان دادەنرێت.

لە رۆژی (10)ى حوزەیراندا، دوای پێنج رۆژ لە شەڕ و پێكدادان لەگەڵ هێزەكانی سەر بە فیرقەی دووی سوپا و پۆلیسی فیدراڵی، چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر تەواوی ناوچەكانی شاری موسڵدا گرت و نزیكەی (40 بۆ 50) هەزار سەرباز و ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی عێراق شكستیانهێنا و لەبەرەكانی شەڕ هەڵاتن، بەشێك لەو هێزانەش بە پیادە و جێهێشتنی جلوبەرگی سەربازی؛ خۆیان تێكەڵ بە خەڵكی مەدەنی كرد و هەڵاتن.
هاوشانی هەڵاتنی هێزە ئەمنییەكانیش لە بەردەم چەند سەد چەكدارێكی داعش بە سەرۆكایەتی ئەبوبەكر بەغدادى، ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شارەكەش بە كۆمەڵ هەڵاتن و زۆرینەیان ئاوارەی ناوچەكانی هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێر لە هەرێمی كوردستان بوون.

كەوتنی موسڵ ناكۆكی سیاسی و ئەمنی نێوان بەرپرسانی ئەو سەردەمەی حكومەتی عێراق بە سەرۆكایەتی نوری مالكی؛ بە تەواوی دەرخست و هەریەكە و لای خۆیەوە ئەوی تری بە كەمتەرخەم تۆمەتبار دەكرد، بەجۆرێك كە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەوكاتەی پەرلەمانی عێراق، رووداوەكەی بە دەستی دەرەكی و بە هاناوە نەچوونی هێزە ئەمنییەكان لە موسڵ لە قەڵەمدا، ئەسیل نوجێفی پارێزگاری شارەكەش سەرجەم تۆمەتەكانی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی رەتكردەوە سەبارەت بە خیانەتكردن و بەدەستەوەدانی شاری موسڵ و رایگەیاند، پێشتر و بە فەرمانی خودی نوری مالكی، هەرچی دەسەڵاتی ئەمنی و سەربازی هەیە لە پارێزگار وەرگیراوەتەوە و دراوە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، دواتریش لیژنەیەكی پەرلەمانی لە دوای هەشت مانگ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی كەوتنی موسڵ، راپۆرتێكیان ئامادە كرد و تیایدا نوری مالكی سەرۆك وەزیران و (35) بەرپرسی باڵای دیكەیان بە كەمتەرخەمی و هۆكاری كەوتنی موسڵ تۆمەتباركرد.

داگیركردنی موسڵ جگە لەوەی زیانێكی گەورەی ماددی و مرۆیی بە شارەكە گەیاند، دەرگاشی بۆ داگیركردنی چەندین شار و پارێزگای دیكەی عێراق كردەوە، كە بە سود وەرگرتن لەو شكستە سەربازیی و دەرونییەی تووشی سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق بوو، چەكدارانی داعش هەردوو پارێزگای سەلاحەدین لە باكور و ئەنباریان لە خۆرئاوای بەغدای پایتەخت داگیر كرد، لەلایەكی تریشەوە ناوچەیەكی زۆریان لە رۆژئاوا و باشووری كەركوك داگیر كرد و دواتریش روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەجۆرێك كە لە دوای داگیركردنی شەنگال لە رۆژی (3)ی ئاب بەبێ بەرگری و كۆمەڵكوژ كردن و راوەدونان و رفاندنی كچان و ژنانی ئێزدی، لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانیش نزیك بوونەوە و هەردوو قەزای مەخمور و شارۆچكەی گوێڕیان لە باشووری خۆرئاوای هەولێر داگیر كرد، بەڵام ئەو پەلكێشی و پەلاماردانەی هەرێمی كوردستان لەلایەن چەكدارانی داعش، هەرزوو باراك ئۆبامای سەرۆكی پێشووتری ئەمریكای لە هەڵەی كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق راچڵەكاند و لە رۆژی (7)ى ئاب، یەكەم هێرشی ئاسمانی ئەمریكا بۆسەر چەكدارانی داعش دەستیپێكرد، دوو رۆژ دواتر و لە رۆژی (9)ى ئابی (2014)، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە پشتیوانی فڕۆكەكانی ئەمریكا، توانییان مەخمور و گوێر لە ژێر دەستی چەكدارانی داعش رزگار بكەن، ئەوەش بە یەكەم سەركەوتنی پێشمەرگە و شكستی داعش لە دوای داگیركردنی موسڵ تۆماركرا.

پێشڕەوی چەكدارانی داعش لە ناوچە سوننە نشینەكان و رۆیشتنیان تا لێواری بەغدای پایتەخت بەردەوام بوو، ئەوەش ترس و نیگەرانی زۆری لای نوری مالكی سەرۆك وەزیران دروستكرد و داوای هاوكاری بەپەلەی لە ئەمریكا و هاوپەیمانان كرد، ئەمریكاش مەرجی پشتیوانییەكانی بۆ عێراق بەستەوە بە هەبوونی حكومەتێكی یەكگرتوو بە بەشداری سەرجەم پێكهاتەكان لە بەغدا، هاوكات عەلی سیستانی رابەری باڵای شیعەكانیش هەرزوو فەتوانی جیهادیدا و دەیان هەزار گەنجی شیعە چەكیان لە دژی چەكدارانی داعش هەڵگرت، لەو رۆژە بە دواوەش، شەڕی رووبەروو بوونەوەی چەكدارانی داعش دەستی پێكرد.

هۆكاری سەرەكی كەوتنی شارەكەش، لاوازی ئاستی سەربازی و هەواڵگری سوپا و هێزە ئەمنییەكان و هەبوونی ناكۆكی قوڵ بوو لە نێوان بەرپرسانی ئەو كاتی عێراقدا.

703 جار خوێندراوەتەوە