چین رۆبۆتێکى لەسەر مەریخ جێگیر کرد

KNN : Kurdish News Network
10:38 - 15/05/2021
زانستی

دواى هەوڵێکى حەوت مانگى چین رۆبۆتێکى لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخ جێگیر کرد.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی شینخوای چینی، رۆبۆتەکە ناوی (ژورۆنگ)ە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە کاتی زەوی، لەسەر ڕووی مەریخ  لە جێگەیەکدا کە پێشتر دیارى کراوە نیشتوەتەوە.

ژورۆنگ خاوەنی شەش تایەیە و کێشی زیاتر لە (240) کیلۆگرامە و سوود لە تیشکی خۆر وەردەگرێت بۆ بەرهەمهێنانی ووزە.

مەبەستی کارکردنی لەسەر ڕووی هەسارەکە، لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانى بەڵگەیە لەبارەى مێژووی ژیان و بوونى ئاو  لەسەر رووى مەریخ لە ڕێی ئەنجامدانى توێژینەوە لەسەر خاک و بەرگە هەوا و بونیادی هەسارەکە .

مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو، کەشتی ئاسمانی (Long March 5) کە رۆبۆتى ژورۆنگی لەخۆ گرتبوو، لە چینەوە ئاڕاستەی هەسارەی مەریخ کراو و حەوت مانگی پێچوو تا گەیشتە سەر خولگەکەی لەسەر ئەوهەسارەیە.

بەوەش چین بووە دووەم وڵات لەدواى ئەمەریکا کە رۆبۆتێک لەسەر رووى هەسارەى مەریخ جێگیر بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە کەشتی (Long March 5B) کە بەشێک بوو لە وێستگەی ئاسمانیی چینی، ئەم مانگە پاش ئەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵ و خولگەی زەوی دەرچوو، لە کۆتاییدا کەوتە نێو زەریای هندییەوە.

742 جار خوێندراوەتەوە