چەند رۆژێكە موشەكێكی
چینی كە رەوانەی بۆشایی ئاسمان كرابوو لە كۆنترۆڵ دەرچووە، دەنگۆی كەوتنەخوارەوەشی
لە هەرێمی كورستان و چەند ناوچەیەكی پارێزگای سلێمانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنیەوە.
ئەو موشەكە ناوی (Long March 5B) رۆژی پێنج شەممەی رابردوو بۆ گەیاندنی پارچەیەكی
تەكنینی وێستگەی چین لە بۆشایی ئاسمان هەڵدراوە
و بە سەركەوتووی كارەكەی كردووە، بەڵام دواتر لە كۆنترۆڵی زاناكان دەرچووە و
ناتوانرێت لە شوێن و كاتێكی دیاریكراودا بكەوێتە خوارەوە.
ئەوەی مەترسییەكەی زیاتر
كردووە گەورەی قەبارەی موشەكەكەشە، درێژییەكەی نزیكەی لە (30) مەتر و پانییەكەی
چوار مەترە، كێشەكەی نزیكەی (21) تۆن دەبێت، ئەوەش گەورەترین و قورسترین تەنە لەسەدان
ساڵی ڕابروودا لە بۆشایی ئاسمانەوە بكەوێتە خوارەوە.
لوقمان حەوێز، ئەندامی
كۆمەڵەی گەردونناسی لە تەكساس لە پۆستێكیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك دەنوسێت،
پنتاگۆن و ئاژانسی ناسا و ئاژانسی ئاسمانی ئەوروپی هەروەها رووسییەكان، بەوردی
چاودێری ئەو موشەكە دەكەن.
دەشڵێت "پێشبینی
دەكرێت لە بەرەبەیانی هەشتی ئەم مانگە تا شەوی نۆی مانگ موشەكەكە بكەوێتە خوارەوە،
بەڵام تا چەند كاتژمێرێك بەر لە كەوتنە خوارەوەی ناتوانرێت لە وردی شوێنەكەی دەستنیشان
بكرێت".
ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی
لە تەكساس ئاشكرای دەكات، شوێنی كەوتنەخوارەوەكە دیار نیە، بەڵام لەسەر شوێنێكی هێڵە
پانیەكانی نێوان باكوری نیویۆرك تاوەكو تاكو چیلی دەبێت، ئەمەش هەموو ناوچەكانی رۆژهەڵاتی
ناوەراست دەگرێتەوە بە كوردستانیشەوە.
لوقمان حەوێز دەڵێت
"زیاتر (70%)ی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە بۆیە ئەگەری كەوتنەخوارەوەی ئەو
پارچانە لەسەر ووشكایی كەمترە، هەروەها لەبەر ئەوەی لەسەر ووشكایی رووبەری شار و
شارۆچكە و دێهاتەكان بەبەراورد بە ڕووبەر و پانتاییە بەتاڵەكان زۆر كەمترە بۆیە ئەگەری
كەوتنەخوارەیان لەسەر شار و دێهاتەكانیش زۆر كەمە".
لای خۆیەوە جۆنسان
ماكدوێڵ زانای فەلەكناسی باسی لەوە كردووە، موشەكە چینییەكە كەمێك بە ئاڕاستەی
باكور دەڕوات، بۆیە لە ئەگەری كەوتنە خوارەوەیدا لەسەر هێڵەكانی نێوان نیویۆرك و مەدرید
و پەكین دەبێت، یاخود كەمێك بەئاڕاستەی باشور دەڕوات بۆسەر هێڵی ویلنگتۆن پایتەختی
نیوزلەندا و چیلی.
ماكدوێڵ دەڵێت "
هەر موشەكێك درێژییەكەی لە (30) مەتر زیاتر بێت، بەخێراییەكی زیاتر دەڕوات، بەجۆڕێك
لە چركەیەكدا شەش كیلۆمەتر دەبڕێت"، ئەو خێراییە زۆرە و گەورەی قەبارەكەی وادەكات
بەرگە هەوای زەوی نەتوانێت بە تەواوی بسوتێنێت و بەشێكی بكەوێتە سەر زەوی.
لەئێستادا موشەكەكە بەخێراییەكی
زۆر بە دەروی زەویدا دەسوڕێتەوە، بەجۆرێك لەماوەی كەمتر لە دوو كاتژمێر خولێك تەواو
دەكات، بە بەرزییەكی كەم لەسەر ڕووی زەوییەوە كە لەنێوان (170 بۆ 370 )كیلۆمەترە.
ئەو بەرزییە كەمە وایكردووە
لە چەندین ناوچەی جیهان خەڵكی بە چاو موشەكەكە ببینن كە بە ئاسمانی ناوچەكەیاندا تیپەڕ
دەبێت، بە تایبەت لە سوریا كە چەندین كەس بینیویانە، دوای كاتژمێر دووی بەرەبەیانی
سبەینێش جارێكی دیكە لە ئاسمانی ئەو وڵاتە دەردەكەوێتەوە.
ئەگەر موشەكەكە بكەوێتە
خوارەوە بەتایبەت لە ناوچەیەكی قەرەباڵغدا كە خەڵكی تێدا نیشتەجێ بێت، زیانێكی زۆری
دەبێت و چەندین شوێن وێران دەكات و قوربانی لێدەكەوێتەوە، ئەوەش بەهۆی قورسی كێشەكەی،
بەڵام ئەگەر لە ناوچە چۆڵ و ڕوبەرە ئاوییەكاندا بكەوێتە خوارەوە ئەوا زیانی نابێت
و هاوشێوەی ئەو موشەك و تەنانەی دیكە دەبێت كە ناو بەناو لە بۆشایی ئاسمانەوە دەكەونە
خوارەوە.
8368 جار خوێندراوەتەوە