سێ خۆراك بۆ ئەو كەسانەی لەڕەمەزاندا كێشەی هەرسی خواردنیان هەیە

KNN : Kurdish News Network
10:03 - 18/04/2021
تەندروستی
+
-

زۆرن ئەو كەسانەی لە مانگی ڕەمەزاندا بە تایبەت دوای ژەمی بەربانگ، كێشەی هەرس و هەڵئاوسانی سكیان هەیە، ئەوەش توشی ئازار و غازات و گرفتێكی زۆریان دەكات، زۆرجار حاڵەتەكەش دەبێتە قەبزی و بۆ چەند ڕۆژێك لەگەڵیان دەمێنێتەوە.

 
پزیشكە پسپۆڕەكانی كۆئەندامی هەرس و شارەزایانی بواری خۆراك، ئاماژە بە چەند هۆكارێك دەكەن كە دەبێتە هۆی دروستبونی ئەو حاڵەتە، لەوانە گۆڕان لە سیستمی خواردن و هەستیاری بە هەندێك جۆری خۆراك.

 

گۆڤاری فرۆندینی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێكیدا باسی لە سێ جۆری خواردن كردووە كە دەتوانن چارەسەری گرفتی هەرس و هەڵئاوسانی سك بكەن ئەوانیش بریتین لە:

1- تۆوی شیا: یەكێك لەو خۆراكانەی دەوڵەمەندە بە ماددە ڕیشاڵییەكان، یارمەتی كرداری هەرسكردن دەدات، باشترین ڕێگای بۆ خواردنی دانانێتی لەناو ئاودا، تاوەكو ئەو ماددە جێڵییەی پێكهاتەكەی دەردات و تۆوەكە لینج دەبێت، ئەوەش سودێكی زۆری بۆ گەدە و بەرگی ناوەوەی ڕیخۆڵەكان هەیە، بۆ ماوەیەكی زۆریش هەستی تێری دەبەخشێت.

 

2- ئاڤۆكادۆ: كاریگەرییەكی زۆرباشی لەسەر كرداری هەرس هەیە، چونكە دەوڵەمەندە بە ماددەی ڕیشاڵی و ترشە چەوری ناتێر، پسپۆڕەكان باسیان لەوە كردووە خواردنی نیو ئاڤۆكادۆ لەكاتی ناخواردن یاخود پێش ژەمە، 40% هەستی تێری بە كەسەكە دەبەخشێت، ئەوەش یارمەتی دابەزاندنی كێشی لەش دەدات.

3- خواردنەوەی دۆ: سودێكی زۆری هەیە بۆ كرداری هەسكردن، بەكتریاكانی پێكهاتەكانی یارمەتی گەدە و ڕیخۆڵەكان دەدەن، ئەوەش كە لە ماستاو جیایدەكاتەوە، نەبونی لاكتۆزە لە پێكهاتەكەیدا كە زۆر كەس بەهۆی لاكتۆزی پێكهاتەی ماستاوەوە توشی هەڵئاوسان و كێشەی هەس دەبن.

1673 جار خوێندراوەتەوە