چی وایكردووە قژی شاژن دوای هەزاران ساڵ بەو جوانییە بمێنێتەوە؟

KNN : Kurdish News Network
09:43 - 06/04/2021
جیهان

شاژنە تی یەكێكە لەو 22 مۆمیاكراوەی ڕۆژی شەممە لە مۆزەخانەی میسر لە گۆڕەپانی تەحریرەوە برایە مۆزەخانەی نوێی شارستانێتی میسری، بەڵام بەهۆی جوانی مانەوەی قژی سەرنجی هەمووانی بۆخۆی ڕاكێشا.

 

 
ژنان و كچانی میسر و وڵاتانی دیكە پرسیارێكی زۆریان لا دروستبووە دەربارەی ئەو نهێنییەی وایكردووە قژی شاژن دوای هەزاران ساڵ بەو شێوەیە بمێنێتەوە، چونكە ئێستا زۆرینەی خانمان گرفتی ڕوتانەوە و تەنگی قژیان هەیە و ئەو هەموو كەرەستانەی بۆ ئەو بابەتە دروستكراوە نەیتوانیوە چارەسەری ئەو كێشەیە بكات و بنەبڕی بكات.

 

سەبارەت بەو ماددانەی بۆ مۆمیاكردنی قژی شاژن تی بەكارهێنراوە، ئەحمەد بەدران مامۆستای شوێنەوار لە زانكۆی قاهیرە ئاشكرای دەكات، بەز و چەوری مانگا و زەیتی سنوبەر و چەند جۆرێكی دیكەی زەیت بەكارهاتووە و وایكردووە قژەكە بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

لای خۆیەوە موختار كەسبانی ئەندامی لیژنەی باڵای مۆزەخانەكانی میسر ئاماژە بەوە دەكات، قژەكە زۆر بە وردی مۆمیاكراوە و كارێكی زۆری تێدا كراوە، چونكە ئەو شاژن بووە پێگەیەكی تایبەتی هەبووە لای میسرییەكان.

 

كەسبانی دەڵێت "قژ یەكێكە لەو بەشانەی جەستە بەئاسانی تێكناچێت، ئەو ماددانەش كە بۆ مۆمیاكردنی بەكارهێنراوە پارێزگاری تەواوی لە قژەكە كردووە".

 

سەبارەت بە ڕەنگی قژەكە كە سورە و بۆتە جێی سەرنجی هەمووان، موختار كەسبانی باسی لەوە كردووە، قژی شاژن تی ڕەش بووە بەڵام بەهۆی ئەو ماددانەی لە مۆمیاكردنەكەدا بەكارهاتووە، ڕەنگەكەی لەڕەشەوە گۆڕاوە بۆ سور.

 

شاژن تی كچی ڕاوێژكار یۆیا كە یەكێك بووە لە بەناوبانگترین ئەمنحەوتبی سێهەم كە پاشا ژمارە نۆی هەژدەهەمین خێزانی شاهانە بووە، بەو هۆیەشەوە تی و ئەو پاشایە هاوسەرگیریان كردووە، هەروەها دایكی ئەمنحەوتبی چوارەمە كە بە ئەخناتون ناسراوە نەنكی توت عەنخ ئامونە كە دواتر ئەویش بۆتە پاشای میسر.

2028 جار خوێندراوەتەوە