"حکومەتى عێراق دەتوانێت زیاتر لە دوو ملیار دۆلار قەرزى دەرەکى وەربگرێت"

KNN : Kurdish News Network
10:08 - 05/04/2021
ئابوری

سەرۆکى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق قەبارەى ئەو قەرزە دەرکى و ناوخۆییانە ئاشکرا دەکات کە بەپێى یاساى بودجەى ساڵى (2021) حکومەتى عێراق دەتوانێت وەریبگرێت، هەروەها مەرجى بەهەمیشەیی کردنى کارمەندە گرێبەستەکانیش ئاشکرا دەکات.

هەیسەم جبورى، سەرۆکى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، بەرزترین ئاستى قەرزى دەرەکى کە لە یاساى بودجەدا جێگرکراوە بریتیە لە دووملیار دۆلار، بەڵام لە واقیعدا  قەبارەى ئەو قەرزەى عێراق دەیکات لە (350) ملیۆن دۆلار زیاتر نیە.

سەبارەت بە قەرزى ناوخۆییش سەرۆکى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایگەیاند، قەرزى ناوخۆیى لە پێنج ترلیۆن دینار زیاتر نیە کە بەپێى پێویست لە بانکى ناوەندى وەردەگیرێت.

لەبەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا، هەیسەم جبورى رایگەیاند، بەپێى بڕگەیەکى یاساى بودجە کارمەندە گرێبەستەکان دەکرێنە هەمیشەیى، بەو مەرجەى کە خەرجیەکانیان بکەوێتە ئەستۆى فەرمانگەکانیان و نەبنە بارگرانى بەسەر خەزێنەى دەوڵەتەوە. 

563 جار خوێندراوەتەوە