وەزارەتى تەندروستى عێراق: زیاتر لە (100) هەزار کەس ڤاکسینى کۆرۆنایان پێدراوە

KNN : Kurdish News Network
07:22 - 05/04/2021
عێراق

وەزارەتى تەندروستى عێراق ژمارەى ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات کە ڤاکسینى کۆرۆنایان پێدراوە جەختیش دەکاتەوە کە هیچ حاڵەتێکى دروستبونى کاریگەرى لاوەکى بەهۆى بەکارهێنانى ڤاکسینەوە تۆمار نەکراوە.

روبا فەلاح، حەسەن ئەندامى تیمى راگەیاندنى وەزارەتى تەندروستى عێراق لە لێدوانێکدا بۆئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراق رایگەیاند، ژمارەى ئەو کەسانەى کە ڤاکسینى کۆرۆنایان پێدراوە گەیشتوەتە زیاتر لە (103) هەزار کەس، ئەوەش ئاماژەیە بۆ رادەى هۆشیارى هاوڵاتیانى سەبارەت بە پێویستى وەرگرتنى ڤاکسین.

راشیگەیاند، تەواوى ئەو ڤاکسینانەى کە هێنراون بۆ عێراق و ئەو ڤاکسینانەش کە لە هەفتەکانى داهاتودا دەهێنرێن لە رووى تەندروستیەوە سەلامەتن و لەلایەن رێکخراوى تەندروستى جیهانیەوە پەسەند کراون.

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى تەندروستى عێراق جەختی کردەوە، تاکو ئیستا هیچ حاڵەتێکى دروستبونى کاریگەرى لاوەکى یاخود دەرکەوتنى نیشانەى مەترسیدار بەهۆى بەکارهێنانى ڤاکسینەکانى جۆرى سینۆ فارمى چینى و ئەسترازینیکا تۆمار نەکراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە بەپێى دواین ئامارى وەزارەتى تەندروستى عێراق، تاکو ئێستا (103) هەزار و شەش کەس ڤاکسینى کۆرۆنایان پێدراوە، تەنها لە ماوەى (24) کاتژمێرى رابردووشدا (10) هەزار و (964) کەس ڤاکسینیان پێدراوە.

193 جار خوێندراوەتەوە