وەزیرى دارایى هەرێم رایدەگەیەنێت؛ رێککەوتنى هەرێم و بەغدا چەند خزمەتێک
بە سیاسەتى نەوتى هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسى چاوخشاندنەوە بە گرێبەستى نەوتى و
گرێبەستى کۆمپانیاکان لە بوارەکانى گواستنەوە و تێچونى و کۆمپانیاکانى سکیورتى،
دەشڵێت: رێککەوتنەکە هەنگاوێکە بە ئاڕاستەى چارەسەرکردنى کێشەکانى دیکە.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (KNN)، کە کاتژمێر (08:00)ى ئەمشەو بڵاودەکرێتەوە، ئاوات جەناب نورى
وەزیرى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئەندامى شاندى هەرێم بۆ رێککەوتن
لەگەڵ بەغدا، باس لە وردەکارى رێککەوتنى هەرێم و بەغدا دەکات و دەڵێت: چیرۆکى
بەرهەمهاتنى یاساى بودجە و رێککەوتنى نێوان هەرێم و ناوەند دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاى مانگى
حەوتى (2019)، واتا لەدواى دەستبەکاربونى ئێمە لە مانگى حەوت شاندێکى باڵا
بە سەرۆکایەتى سەرۆک وەزیران و جێگر و وەزیرى دارایى بۆ بەغدا، هەوڵدان بۆ
تێکشکاندنى بەستەڵەکى نێوان هەولێر و بەغدا لەو سەردانەوە دەستى پێکرد.
وتیشى: دواتر ئەو کۆبونەوانە بەردەوامبون تا توانیمان بۆ بودجەى (2020)
پڕۆژە یاسایەکى بودجە ئامادە بکەین، بەڵام بەهۆى دەستلەکارکێشانەوەى عادل
عەبدولمەهدى پڕۆژەکە پەکى کەوت، دواتر لە کۆتایى (2020) رێککەوتنێکى سەرەتایی
ئەنجامدرا و بوو بە پڕۆژەى هاوبەشى نێوانمان و لە ئەنجامدا ئەو یاسایەى لێ
بەرهەمهات.
وەزیرى دارایى ئاشکرایدەکات، یاساى بودجە بەتایبەت ماددەى (11) کە پەیوەستە
بە بەشى هەرێم، لە روکاردا یاسایەکى دراییە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا رێککەوتنێکى سیاسى
یاسایى نەوتى دارایى یە، ئەم رێککەوتنە لە شوێنێکدایە هەردولا لە ناوەراستدا پێى
قانع بون، ئەوەش دواى دابڕانێکى چەند ساڵى لەنێوان هەرێم و ناوەندا، بۆیە کۆى
داخوازییەکانى هەرێمى هەڵنەگرتووە و کۆى داخوازییەکانى ئەوانیشى هەڵنەگرتووە.
باس لەوەشدەکات، لەروى سیاسییەوە ئەو رێککەوتنە پەیوەندییەکانى هەرێم و
بەغدا ئاسایى دەکاتەوە، ئەو تێگەیشتنەى لە ناوەڕاست و باشور دەربارەى هەرێم هەبوو کە
کورد سەرچاوەى کێشەکانى ئەوانە ئەوە راست دەبێتەوە و جارێکى دیکە پەیوەندییەکانى (کورد
و سوننە) و (کورد و شیعە) ئاسایى دەبێتەوە و متمانە دروست دەبێتەوە، ئەوەش
هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان بەتایبەت ناوچە دابڕێنراوەکان و دەرکردنى یاساى
نەوت و گاز و یاساى بودجەى ساڵى داهاتوو.
ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى جەخت لەوە دەکاتەوە، لەروى سیاسیەتى
نەوتییەوە ئەو یاسایە چەند خزمەتێک بە هەرێم دەکات بەتایبەت لە پرسى چاوخشاندنەوە
بە گرێبەستى نەوتى و گرێبەستى کۆمپانیاکان و بە گواستنەوەى نەوت و بە تێچونى نەوت و
تەنانەت کۆمپانیاکانى سکیورتیش لەژێر پێداچونەوەدان، ئەوەش هەمووى لە بەرژەوەندى
شەفافییەتە لە نەوتى هەرێم، وایان لێدەکات خێراتر و جدیتربن ئەوەش لە چورچێوەى ئەو
چاکسازییەى حکومەتى هەرێم دەستى پێکردووە.
لەبارەى جێبەجێکردنى یاساکەشەوە، وتى:"جێبەجێکردنەکەى پەیوەندى بە هەردولاوە هەیە،
بەڵام بەلاى هەرێمەوە دەتوانم ئەوە بڵێم کە هەرێم پابەند دەبێت بە جێبەجێکردنى
رێککەوتنەوە".
630 جار خوێندراوەتەوە