ئەنجومەنی وەزیران: هەمو نەرمییەکمان نواندوە و چاوەڕیی بەغداین

KNN : Kurdish News Network
05:32 - 02/07/2025
کوردستان
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دوپاتی دەکاتەوە کە هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بوە، بەزیادەوە جێبەجێی کردوە و هەمو نەرمییەکی نواندوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، داواش لە بەغداد دەکات کۆتایی بە نەناردنی موچە بهێنێت.

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: هەر پابەندییەک لە سەر هەرێمی کوردستان بوە، بەزیادەوە جێبەجێی کردوە و هەرێم هەمو نەرمییەکی نواندوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ. ئێستا هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، بە هەمو شێوەیەک ئامادەیی هاوکاریان لە گەل حکومەتی فیدڕال پێشان داوە بۆ هەناردە کردنەوەی نەوت ئەویش لە پێناوی بڕینی هەمو ئەو پاسا و بیانوانەی کە بەغدا بەکاریهێناون بۆ نەناردنی موچەی موچەخۆرانی خەڵکی کوردستان.

 

کۆبونەوەکە جەختی کردەوە کە ئێستا هەمو لایەک چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵ دەکەن بۆ پەسەندکردنی ئەو لەیەکتێگەیشتنە هاوبەشانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە نێوان هەردولا بە ئامادەبونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان هاتوەتە ئاراوە، کە بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، هیچ بیانویەک لە بەردەم وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نامێنێت بۆ خەرجنەکردنی شایستە دارايیەکانی هەرێم، بە تایبەتیش کە هەمو بابەتەکانی پەیوەندیدار بە لیستی موچە و ژمارەی وەزیفیی و تەرازوی پێداچونەوەی مانگانە و وردبینی هاوبەشی هەردو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم و بە بانکیکردنی موچەی هەرێم و ناردنی ڕێژەی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم جێبەجێکراون و حكومەتی هەرێم، بەردەوامیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەم پابەندییانە، بۆیە بەغدا دەبێت کۆتایی بە سیاسەتی نەناردنی موچەی خەڵکی کوردستان بهێنێت کە موچە، مافێکی ئاسایی و یاسایی و دەستوری موچەخۆرانی هەرێمە و بە هەمو یاسا و ڕێسایەک، نابێت لەژێر هیچ پاساوێک ، لەم مافەی خۆیان بێبەش بکرێن.

 

لە بڕگەی دوەمی کۆبونەوەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە خانەنشینیی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان خستەڕو، کە چەندین ئامار و زانیاریی و ڕاسپاردە و پێشنیاری لەخۆ گرتبو، بە مەبەستی پاراستنی مافی کرێکاران و کارمەندانی دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی برەودان بە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی مافی خانەنشینی بۆ کارمەندانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و چالاککردن و ڕێکخستنەوەی میکانیزمی وەرگرتنی ڕێژەی هاوبەشی خاوەنکارەکان لە دابینکردنی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، تا لە داهاتودا، بخرێتەوە خزمەتی ئەو کرێکار و کارمەندانەی کە شایستەی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەبن، بۆ ئەوەی سودمەند بن لە موچەی خانەنشینی و شایستەکانی دیکە و ئەو ئاسانکاریی و خزمەتگوزارییانەی لە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هاتون.

79 جار خوێندراوەتەوە