گوڵ یەكێكە لە ڕووەكە سەرنجڕاكێش و جوانەكان، ئەوەی جوانتریشی دەكات ڕەنگە
جیاوازەكانییەتی، كە لە سور و زەرد و پەمەیی و چەند ڕەنگێكی سەرنجڕاكێشی دیكە پێكهاتووە،
بەڵام لە گوندێكی توركیا جیاواز لەو ڕەنگانە، گوڵی ڕەش بونی هەیە ئەوێش تاكە ناوچەیە
لە جیهاندا كە ئەو گوڵەی لێبڕوێت.
لە گوندی هاڵفەتی سەر بە شاری ڕەوحای باكوری كوردستان لە وەرزی بەهاردا
گوڵی ڕەش دەڕوێت كە یەكێكە لە گوڵە دەگمەنەكانی جیهان، ئەوەش وایكردووە ئەو شوێنە
ناوبانگێكی زۆری هەبێت و كەسانێكی زۆر بۆ بینینی ئەو گوڵە سەردانی بكەن.
ئەم گوڵە لە سەرەتای وەرزی بەهاردا ڕەنگەكەی سورێكی تێرە و دواتر ڕەنگەكەی
دەگۆڕێت بۆ ڕەش، بەهۆی ئەو ڕەنگەشەوە گوڵەكە بۆ چەند مەبەستێك بەركاردێت، بەجۆرێك
كەسانێك هەن گوڵی ڕەش وەك هیوایەك دەبینین كەسانێكی دیكەش گوڵەكە لە پرسە و مەراسیمە
خەمناكەكان بەكاردەهێنن.
بەو پێیەی ئەو جۆرە گوڵە تەنها لە وەرزی بەهاردا بونی هەیە، بۆیە ئەو
كەسانەی كە دەیانەوێت لە وەرزەكانی دیكەشدا هەیانبێت، گوڵەكە وشك دەكەنەوە و لە نێو
پاكەتدا هەڵی دەگرن.
سەبارەت بۆ هۆكاری ئەو ڕەنگە ڕەشە، پسپۆڕەكان ئاماژە بەوە دەكەن تایبەتمەندی
خاكی ئەو ناوچەیە و دەوڵەمەندی ئەو ئاوەی لە ڕووبارەی فوراتەوە دزە دەكاتە خاكەكەی
بە هەندێ توخمی ترشەڵۆك، وایكردووە ئەو گۆڕانكارییە لە ڕەنگی گوڵەكەدا ڕووبدات.
بەهۆی دروستكردنی بەنداوێك كە بەشێكی گوندی هاڵفەتی
و كێڵگەكانی گوڵی ڕەشی نوقمی ژێر ئاو كرد، مەترسی لەناوچونی گوڵی ڕەش دروست بووە،
هەرچەندە گوندێكی نوێ لەو ناوچەیە دروستكراوە بەڵام وەك پێشتر شوێنەكە بۆ ڕوان و گەشەی
ئەو جۆرە گوڵە گونجاو نییە، بۆیە بەرپرسانی توركیا چەندین هەوڵیانداوە بۆ پاراستنی
گوڵی ڕەش زیادكردنی ژمارەی ئەو گوڵانەی لە كێڵگەكاندا دەڕوێت.
3206 جار خوێندراوەتەوە