كۆرۆنا چۆن سودی بە توشبووانی ئۆتیزم گەیاندووە؟
ئۆتیزم یەكێكە لەو
حاڵەتانەی توشی بەشێك لە منداڵان دەبێت و
هەندێك لە پسپۆڕان وەك نەخۆشیی ناویان بردووەو بەشێكی دیكە وەك حاڵەتێك پێناسەی دەكەن
كە لە ئەنجامی بونی چەند گرفتێك لە مێشكی منداڵەكەدا دروست دەبێت، ئەوەش كاریگەری
لەسەر هەڵسوكەوت و جوڵەی منداڵ و شێوازی پەیوەندی بە كەسانی دەوروبەریەوە دروست دەكات.
ڕێكخراوی نەتەوە
یەكگرتووەكان بە هاوكاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، (2) ی نیسانی هەموو ساڵێكی وەك
ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم دیاریكردووە و ساڵانە لەو یادەدا چەندین چالاكی جیاواز ئەنجام
دەدرێن.
ڕۆژەكە لە ساڵی(2008)
وە هەر ساڵەی لەژێر ناونیشانێكدا یاد دەكرێتەوە بۆ ئەمساڵیش دروشمەكە بریتییە لە
(منداڵانی ئۆتیزم، منداڵی تایبەتمەند و بلیمەتن) كە مەبەست لێی دەرخستنی توانا و بەهێزی
كەسانی توشبووە بە ئۆتیزم، تاوەكو لەسەرجەم بوارەكاندا سودیان لێوەربگیرێت.
ڕێكخراوی نەتەوە
یەكگرتووەكان لەپەیامێكیدا باسی لەوەكردووە، بڵاوبونەوەی پەتای كۆرۆنا و خراپی دۆخی
ئابوری جیهان وایكردووە كەسانێكی زۆر كارەكەیان لەدەست بدەن، لەبەرامبەردا هەلی
كاری بۆ كۆمەڵێك كەسی دیكە ڕەخساند كە بەشێكیان كەسانی ئۆتیزم بوون، چونكە ئەوان پێشتر
كێشەیان لەگەڵ گونجاندن هەبوو لە شوێنی
كاردا، بەڵام كۆرۆنا وایكرد لەڕێی تەكنەلۆژیا و ئۆنلاینەوە بەشێك لەوان كار بكەن.
بەپێی ئامارەكانی
ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیی، ژمارەی ئەوانەی لە جیهاندا ئۆتیزمیان هەیە (70) ملیۆنی
تێپەڕاندووە بە جۆرێك لەكۆی (160)منداڵ یەكێكیان لە تەمەنێكی كەمدا نیشانەكانی تێدا
دەردەكەوێت و تا تەمەنی هەرزەكاری و گەنجی لەگەڵیدا بەردەوام دەبێت.
تائێستا هۆكاری
سەرەكی توشبوون بە نەخۆشییەكە دیاری نەكراوە، بەڵام هەندێ هۆكار هەن كە یاریدەدەرن
بۆ توشبوون بە ئۆتیزم، وەك هۆكارەكانی بایۆلۆجی و دەماریی كە كاریگەریان هەیە لەسەر
توشبوونی منداڵ بە نەخۆشیەكە، لە هەندێ حاڵەتیشدا ئەو ژینگەیەی منداڵی تێدا گەورە
بووە و هۆكاری بۆماوەیش ڕۆڵیان هەیە لە توشبوون، ئەمە جگە لەوەی خواردنی هەندێك جۆری
دەرمان لەكاتی دووگیانبوندا، ڕەنگە هۆكارێك بێت بۆ توشبوون بە حاڵەتەكە.
بەشێكی دیكەی ئەو
توێژینەوانەی لەسەر هۆكارەكانی توشبوون بە ئۆتیزم ئەنجامدراون هۆكارەكەی دەگێڕنەوە
بۆ كاری جینەكانی لەش، بەڵام تائێستا جینێكی دیاریكراو نەدۆزراوەتەوە كە هۆكاری
توشبوون بێت بە نەخۆشییەكە.
نیشانەكانی ئەم
نەخۆشیە لە سێ ساڵی یەكەمی تەمەنی منداڵدا دەردەكەوێت و لە منداڵێكەوە بۆ منداڵێكی
دیكە دەگۆڕێت، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی بەشێكی زۆریان حەز بە تێكەڵاوی كەسانی دەوروبەر
ناكەن و دەیانەوێت زیاتر بە تەنیا بمێننەوە، هەروەها جوڵەیەكی زۆریان هەیە و هەندێ
هەڵسوكەوتی سەیر ئەنجام دەدەن بە تایبەت بە دەستەكانیان، ئەمە جگە لەوەی گوێ بۆ كەسانی
دەوروبەریان ناگرن و دەستكاری هەندێ شت دەكەن كە ڕەنگە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست
بكات.
ئێستا چارەسەری
سەرەكی بۆ چاكبونەوەی تەواوەتی ئۆتیزم نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەتوانرێت لە ڕێی چارەسەری
دەرونی و كردنەوەی خولی پەروەدەیی و ڕاهێنانی تایبەت، كەمێك لە نیشانەكانی كەمبكرێنەوە،
هەروەها هەندێ دەرمانی پزیشكیی هەن كە بەشێك لە هەڵسوكەوتەكانی منداڵەكە ئاسایی دەكەنەوە.
578 جار خوێندراوەتەوە