پلانى نەوشیروان مستەفا بۆ کەرکوک

KNN : Kurdish News Network
09:42 - 20/03/2021
ڕاپۆرت

یادەوەری رزگارکردنی هەر شار و شارۆچکەیەکی کوردستان لە راپەڕینی ئازاری (1991)دا وێنەکان زیاتر ڕوون دەکاتەوە و ئەو تەمومژەی لەسەر رووداوەکان هەیە لای دەبات، ئەو چیرۆکە خەیاڵیانەش بەتاڵ دەکاتەوە کە کار لەسەرداتاشینی پاڵەوانی خەیاڵی دەکەن، لە هەمانکاتدا دەبێتە گەواهیدەر لەبارەی ڕۆڵ وکاریگەری نەوشیروان مستەفا وەک رێبەر و ئەندازیاری راپەرین.

کەرکوک دوا وێستگەی زنجیرە سەرکەوتنەکانی راپەرینی ئازاری (1991) بوو، هەرچەندە ماوەی ئازادکردنی ئەوشارە چەند رۆژێک زیاتری نەخایاند، بەڵام وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو ئەوەش لەسەربنەمای ئەوەی بۆ یەکەمجاربوو لەمێژوودا کورد کەرکوک رزگاربکات و پەیامی کوردستانی بوونی ئەو شارە بە هەموو جیهان بگەیەنێت.

                                                                                    

ئازادکرنێکی سەخت بەڵام گرنگ


هەرچەندە لە راپەڕیندا ئازادکردنی هەر شار و ناوچەیەک لە رووی سەربازی و سیاسیەوە گرنگی خۆی هەبووە، بەڵام بەلای نەوشیروان مستەفاوە ئازادکردنی کەرکوک گرنگیەکى تایبەتى هەبووە، لەوبارەیەوە لە زنجیرە وتارێکی  (10) ئەڵقەییدا کە دەربارەی مفاوەزاتی بەرەی کوردستانی و بەعس لەوتارێکدا نوسیویەتی: "پێش ئه‌وه‌ی له‌ قاسمه‌ڕه‌ش و زه‌ڵێ دابه‌زین، ئه‌و کاته‌ی خۆمان ئاماده‌ئه‌کرد بۆ راپه‌ڕین، پێمانوابو ئازادکردنی که‌رکوک له‌ ئازادکردنی هه‌مو شاره‌کانی تری کوردستان گرنگترە، به‌ڵام سه‌ختتر ئه‌بێ. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ پلانی گه‌مارۆدان و هێرشی سێلاییمان بۆ دانابو. دامان نابو دوای ئازاد کردنی گه‌رمیان، سلێمانی، هه‌ولێر، گه‌وره‌ترین هێزی له‌ سه‌ر کۆ بکه‌ینه‌وه‌ و، له‌ هه‌ر سێ لاوه‌ به‌ره‌و ناوشار په‌لاماری بده‌ین".
شایەتیەک لە زاری مام جەلالەوە

وەک دەوترێت سەرکەوتن خاوەنی زۆرە، راپەڕینیش بەوپێیەی لەرووی سیاسی و سەربازیەوە سەرکەوتن بووە، بۆیە ساڵ لە دوای ساڵ خاوەنی بۆ زیندوو دەبێتەوە، لەکاتێکدا خاڵی هاوبەشی بەڵگە مێژووییەکان ئەوەیە کە نەوشیروان مستەفا نەخشە دانەر و فەرماندەی مەیدانی راپەڕین بەگشتی و ئازادکردنی کەرکوک بەتایبەتی بووە، لەوەش گرنگتر شایەتیدانی خوالێخۆشبوو مام جەلالە بۆ رۆڵی رێبەرایەتی نەوشیروان مستەفا لەو رووداوە مێژوویەدا کە هیچ بوارێک بۆ دروستکردنی پاڵەوانی وەهمی ناهێڵێتەوە.

مام جەلال لە کتێبی دیاری تەمەندا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێبەرایەتی راپەرینی ئازاری ساڵی 1991  دەڵێت: "دەوری سەرەکی راپەڕین هی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و رێکخستنەکانی ناوەوەی یەکێتی و مەفرەزەکانی ناوەوەبون و ئەوان رێبەرە فعلییەکە بون کە لە مەیدانەکەدابون، سەرکردایەتی فعلی راپەڕینەکەش کاک نەوشیروان مستەفا بوو".

سەبارەت بە رزگارکردنی کەرکوک لە دەستی رژێمی بەعس، مام جەلال  وتویەتى: "بەڵێ کەرکوک بە هێزێکی سەرەکی یەکێتی کە رێبەرەکەی کاک نەوشیروان بو رزگارکرا ".‎

 کەرکوک.. لە ئازادکرنەوە بۆ بەپایتەخت کردن

بەپێی دەستنوسی نامەیەک کە رۆژی (15-3-1991) نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلالی ناردوە، بەشێکی نامەکە تایبەت بووە بە پرسی رزگارکردن و ئایندەی  کەرکوک ، ئەو نامەیە بەڵگەیەکی دیکەی خەمخۆری و دووربینی و پێداگری نەوشیروان مستەفایە لەسەر دامەزراندنی هەرێمێکی نمونەیی و بنیاتنانەوەی دامەزراوە فەرمییەکان، لەمانەش گرنگتر خاوەنی ستراتیژێکی گرنگ بوە بۆ پاراستنی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک، بە جۆرێک پلانی هەبوە بۆ ئەوەی کەرکوک بکرێتە پایتەختی هەرێمی کوردستان.

لەو بارەیەوە نەوشیروان مستەفا لەو نامەیەدا کە بۆ مام جەلالی ناردوە نوسیویەتی، ئەمشەو زەماوەندی ئازادکردنی کەرکوک دەستپێدەکات، هیوادارین زۆر نەخایەنێت و تەواو بێت و بیکەین بە پایتەختی هەرێمی کوردستان.

بە تێروانین لە مێژووی کورد زۆربەی راپەرین و شۆرشەکان بەناوی سەرکردەکانیانەوە یاخود ناوچەیەکەوە بووە، بەڵام نەوشیروان مستەفا لەمەشدا پێشەنگ بووە و رێگری کرد لەوەی راپەرینەکە بکرێت بە ناوی کەسایەتیەک یان حزبێک و چەند حزبێکەوە، بەڵکو مۆرکێکی جەماوەری پێ بەخشی و کردی بە موڵکی جەماوەری کوردستان.
467 جار خوێندراوەتەوە