بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى منداڵان روونکردنەوە لەبارەى ئەو نەخۆشیە دەدات کە لە نێو منداڵاندا بڵاوبوەتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:30 - 23/02/2021
کوردستان
+
-

بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى (دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشید) ى تایبەت بە منداڵان رونکردنەوە لە بارەى ئەو نەخۆشیە دەدات کە لەناو منداڵاندا بڵاوبوەتەوە و هۆکارەکەشى ئاشکرا دەکات.

دکتۆر پشدەرعەبدوڵا، بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى (دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشید) ى تایبەت بە منداڵان لە لێدوانێکیدا بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN)  رایگەیاند،  ئەونەخۆشیەى ئێستا لەناو منداڵانداندا بڵابوەتەوە تێکەڵەیەکە لە ئەفلەوەنزا وهەڵامەت و کۆرۆنا.

ئەو پزیشکە کە تایبەتمەندییەکەى لە بوارى نەخۆشیەکانى منداڵاندایە، روونکردنەوەى زیاترى لەبارەى بڵاوبونەوەى ئەو نەخۆشیە داو رایگەیاند، ئەمساڵ بەهۆى نەبوونى خوێدنگە و دواکەوتنى پرۆسەى خوێندن، بڵاوبونەوەى هەڵامەت و پەتاى وەرزی دواکەوت، بەڵام ئێستا کە منداڵان چونەتەوە بۆ خوێدنگە، پەتاکە بڵاوبوەتەوە کە تێکەڵەیەکە لە هەرسێ نەخۆشیەکە.

دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، لە بەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا ئاماژەى بە بەرزبونەوەى ئاستى داخڵکردنى منداڵان لە نەخۆشخانە کرد و رایگەیاند، ئێستا ڕۆژانە لە نێوان (50 – 60) منداڵ داخڵى نەخۆشخانە دەکرێن، لە کاتێکدا پێشتر رۆژانە (30 – 40) منداڵ داخڵ دەکران، بەهەمان شێوە ژمارەى ئەو منداڵانەش کە براونەتە کیلینکى راوێژکارى نەخۆشخانەى منداڵان بۆ دوو هێندە زیادى کردوە.

لەبەشێکى دیکەى لێدوانەکەیدا بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى ( دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشید) ى منداڵان، ئاماژەى بە نیشانەکانى ئەو پەتایە کرد کە لەناو منداڵاندا بڵاوبوەتەوە و رایگەیاند، نیشانەکانى ئەو پەتایەى کە بڵاوبوەتەوە بریتین لە سکچون، رشانەوە، کۆکە، هەڵامەت، بەرزبونەوەى پلەى گەرمى لەش.

4231 جار خوێندراوەتەوە