ڕۆژی جیهانیی دادی كۆمەڵایەتی

KNN : Kurdish News Network
10:30 - 20/02/2021
جیهان
+
-

دادی كۆمەڵایەتی یەكێكە لە سیستمە كۆمەڵایەتییە گرنگەكان بۆ تاك و لەڕێیەوە هەوڵی ڕێكخستی ژیان و بەدیهێنانی یەكسانی دەدرێت لەنێوان ئەندامانی كۆمەڵگەدا ئەوەش لە چەند ڕوویەكی جیاوازەوە، بەتایبەت لەبابەتی پەیوەندیدار بە ڕەخساندنی هەلی كار و خوێندن و چاودێری تەندروستیی هەروەها مافە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان و دابەشكردنی داهات و سامان و چەندین بابەتی دیكە، ئەوەش وادەكات ئەندامانی كۆمەڵگە لەهەر ڕەگەز و ئاین و پلەیەكی ئابوریدا بن ژیانێكی خۆش و ئاسودە بەسەر بەرن.

 

 
بەهۆی گرنگی بابەتەكەوە ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی بەهاوكاری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2007 بڕیاریدا ساڵانە لە 20 شوبات یادی ڕۆژی جیهانی دادی كۆمەڵایەتی بكرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش لەژێر دروشمی (داواكردنی دادی كۆمەڵایەتی لە ئابوری ئەلەكترۆنی)دا یادەكە دەكرێتەوە.

 

ڕێكخراوەكە باسی لەوە كردووە، دادی كۆمەڵایەتی جگە لەوەی بەهایەكی بەرز و مافێكی مرۆڤایەتییە، هاوكات پێویستی بە ئابوری ئەلەكترۆنی هەیە كە بە ئابوری داهاتوو دادەنرێت، بۆیە دەبێت كاری پێویست لەو بوارەدا ئەنجام بدرێت، بەتایبەت بەهۆی بەكارهێنانی فراوانی ئینتەرنێت و كۆمپیتەر و بابەتە ئەلەكترۆنییەكان.

 

پسپۆڕانی كۆمەڵایەتی ئاشكرای دەكەن، بەدیهێنانی دادی كۆمەڵایەتی چەند بنەمایەكی سەرەكی هەیە ئەوانیش بریتین لە: خۆشەویستی و ڕێزگرتنی بەرامبەر و پاراستنی شكۆی مرۆڤ، هەروەها یەكسانی و پاڵپشتیكردنی تاكەكانی كۆمەڵگە لە كایە جیاوازەكاندا,بەڵام چەند بەربەستێك هەن كە دەبنە هۆی بەدینەهێنانی دادی كۆمەڵایەتی وەك نەبونی ئازادیی تاك و بڵاوبونەوەی گەندەڵی، هەروەها نایەكسانی لەدابەشكردنی داهاتەكاندا لەسەر ئاستە جیاوازەكان بەتایبەت بەهۆی جیاوازی بیروڕا و لایەنداری و بێلایەنی، ئەمە جگە لە نایەكسانی لە دابینكردنی خزمەتگوزارییە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكاندا، بەتایبەت هەلی كار و زەوی و شوێنی نیشتەجێبوون و چەند بابەتێكی دیكە.

 

پێویستە كاربەدەستان و حكومەتی وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی دواكەوتوو گرنگی زیاتر بە بەدیهێنانی دادی كۆمەڵایەتی بدەن و یەكسانی نێوان تاك و ئەندامانی كۆمەڵگەكەیان بپارێزن، بۆ ئەوەی لەڕێیەوە ژیانی خۆش و ئاسودە بۆ تاكەكانیان دابین بكەن.

393 جار خوێندراوەتەوە