دوای
بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی کە تیایدا بانگەشەی
ئەوە کراوە مەحمود ئەحمەدینەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ
مۆسادی ئیسرائیلی لە دەستبەسەریی ماڵەوەدایە، نووسینگەی ئەحمەدینەژاد لە
ڕاگەیەندراوێکدا ئەو ڕاپۆرتەی بە درۆ خستەوە و بە "بانگەشەی هۆلیوودی"
ناوی برد.
ڕۆژنامەی
نیویۆرک تایمز ڕۆژی دووشەممە، لە ڕاپۆرتێکدا جارێکی دیکە باسی لەوە کردووە کە
دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییەکانی ئیسرائیل پەیوەندییان بە مەحمود ئەحمەدینەژادەوە
کردووە. ڕۆژنامەکە دەڵێت، دوای شەپۆلی یەکەمی هێرشەکان بۆ سەر تاران، سەرۆک کۆماری
پێشووی ئێران لەلایەن بریکارەکانی ئیسرائیلەوە لە تاران گواستراوەتەوە بۆ ماڵێکی
ئارام و پارێزراو.
پێشتریش، هەمان
ڕۆژنامە لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە بەدواداچوونەکانیاندا
گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر
شوێنی نیشتەجێبوونی ئەحمەدینەژاد لە سەرەتای جەنگی دواییدا، بە مەبەستی
"ئازادکردنی بووە لە دەستبەسەریی ماڵەوە و بەشێک بووە لە پلانی گۆڕینی
ڕژێم." بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە قۆناغێکدا
گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی کە مەحمود ئەحمەدینەژاد دەتوانێت دوای هێرشی سەربازیی
هاوبەشی هەردوو وڵات بۆ سەر ئێران، ڕۆڵێک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بگێڕێت.
لە ڕاپۆرتە
نوێیەکەدا هاتووە، دوای گواستنەوەی ئەحمەدینەژاد بۆ ماڵێکی ئارام، ناوبراو پاش
ماوەیەک لەو شوێنە چووەتە دەرەوە و دواتر لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە خراوەتە ژێر
دەستبەسەریی ماڵەوە.
لە بەرامبەردا،
نووسینگەی ئەحمەدینەژاد لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئەو ڕاپۆرتەی بە "بانگەشەیەکی
بێبنەما" ناوبردووە و نیویۆرک تایمزی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە "لە
بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا، ئامادەیە وتار و هەواڵی ساختە لە کەسانی خراپ و لەکەدار
بڵاوبکاتەوە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم تۆمەتە لەگەڵ مێژووی نیویۆرک تایمز
وەک یەکێک لە باوەڕپێکراوترین و دێرینترین بڵاوکراوە هەواڵییەکانی جیهان
یەکناگرێتەوە.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ئەحمەدینەژاددا هاتووە، کە ناوبراو "بەهۆی
ڕەچاوکردنی بارودۆخی سیاسی و هەستیاریی وڵات و بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی دوژمنان،
سەرجەم ئەو بانگەشە درۆیانەی ڕۆژنامەی بێئابڕووی نیویۆرک تایمز و ئەو کەسانەی لە
پشت ئەم پیلانەوەن" ڕەتدەکاتەوە.
123 جار خوێندراوەتەوە