سوپای پاسداران هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە بەحرەین و عومان ڕادەگەیەنێت

KNN : Kurdish News Network
08:50 - 13/07/2026
جیهان
+
-

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، بنکە و ژێرخانی سوپای ئەمەریکایان لە ناوچەی جفەیر لە بەحرەین و سیستەمەکانی ڕادار لە شانشینی عومان بە موشەک و درۆن کردووەتە ئامانج. هۆشداریش دەدات لەوەی بەردەوامیی دەستتێوەردانەکانی واشنتۆن، قەیران و کارەساتێکی گەورەتر لە کەرتی نەوت و غازی جیهانیدا دروست دەکات.

 

لە زنجیرەیەک بەیاننامەدا، سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە دەریاییەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی سوپای ئەمەریکا لە بەحرەین و لە هەمان کاتیشدا پشتڕاستی کردەوە کە بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستەمەکانی ڕاداریان لە عومان پێکاوه. لە بەرامبەریشدا، پاسداران سوپای ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی وێستگەیەکی پەمپکردنی ئاوی کشتوکاڵی لە شاری ماهشەهری باشووری ڕۆژئاوای ئێران کردووەتە ئامانج.

 

سەبارەت بە داخستنی گەرووی هورمز، سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە تاکە ڕێگە بۆ کردنەوەی ئەو گەرووە ستراتیژییە، کۆتاییهێنانە بە دەستتێوەردانەکانی سوپای ئەمەریکا و ڕێزگرتنە لە سەروەریی ئەو وڵاتانەی دەکەونە سەر گەرووەکە، هۆشداریش دەدات کە هەر هەنگاوێکی تری ئەمەریکا، کاردانەوەی گەورەتری لەسەر ئاستی دابینکردنی وزەی جیهانی بەدوادا دێت.

58 جار خوێندراوەتەوە