ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"-ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل لە ڕێگەی زنجیرەیەک هەوڵی نهێنییەوە هەوڵی داوە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆکی پێشووی ئێران، وەک "سەرچاوەیەکی هەواڵگری" بەکاربهێنێت و لە قۆناغێکی داهاتووشدا بە نیاز بوون لە ئەگەری ڕووخانی دەسەڵاتی ئێستای ئێران، ناوبراو وەک ڕێبەری نوێی وڵاتەکە دیاری بکەن
بەپێی ڕاپۆرتەکە کە پشتی بە چوار سەرچاوەی ئێرانی بەستووە، پرۆسەکە بەناوی "شێری هەژێن" (الأسد الهصور) ناوزەد کراوە و لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە دەستی پێکردووە. ئاماژە بەوە کراوە کە کۆنفرانسێکی کەشوهەوا لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا، وەک پەردەیەک بۆ کۆبوونەوەی نهێنیی نێوان ئەحمەدی نەژاد و بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل بەکارهاتووە. هەروەها ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە دافید برنیا، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، بەشێوەی تاکەکەسی سەردانی بوداپێستی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەحمەدی نەژاد
نیویۆرک تایمز دەشڵێت، لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەی ئەحمەدینەژادی تێدابووە و دواتر بە هاوکاریی دەزگای مۆساد گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نهێنی. بەڵام دوای دەرکەوتنی لە مەراسیمی ناشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، باڵی هەواڵگریی سوپای پاسداران ئەحمەدی نەژادیان دەستگیر کردووە و ئێستا لەژێر مانەوەی زۆرەملێدان
سەبارەت بە هۆکارەکانی ئەحمەدی نەژاد، ڕاوێژکارانی نزیک لێی ئاماژەیان بەوە کردووە کە ناوبراو بۆ پارە ئەو کارەی نەکردووە، بەڵکو مەبەستی سەرەکی "گەڕانەوە بۆ دەسەڵات" بووە. ئەحمەدی نەژاد لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا ڕەخنەی توندی لە سەرکردایەتیی ئێران گرتووە و نیازی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل لە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات ئاشکرا کردووە
391 جار خوێندراوەتەوە