هێزی دەریایی
سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، لە وەڵامی هەنگاوەکانی سوپای
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئۆپەراسیۆنی "نەسری 2"ـیان لە چەند قۆناغێکدا جێبەجێ کردووە
و تیایدا چەندین پێگەی ئەمریکا لە بەحرەین و دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز
کراونەتە ئامانج.
بەپێی
ڕاگەیەندراوەکانی سوپای پاسداران، لە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا لە گەرووی
هورمز، دوو کەشتیی زەبەلاحی گواستنەوەی نەوت کراونەتە ئامانج و پەکخراون. هۆکاری
ئەمەش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە ئەو دوو کەشتییە سیستەمی کەشتیوانییان
کوژاندووەتەوە و بەبێ گوێدانە هۆشدارییەکان، بەشێوەیەکی نایاسایی بەناو ڕێڕەوێکی
مینڕێژکراودا تێپەڕیبوون. سوپای پاسداران جەختیشیکردووەتەوە: "هاوکاریکردنی
دوژمنی دەستدرێژیکار جگە لە پەشیمانی و قەیرانی وزە، هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت."
لە بەشێکی
دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشە ئاسمانییەکانی
ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە کەناراوییەکانی باشووری ئێران، قۆناغی دووەمی
ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە. لەو قۆناغەدا بە مووشەک و درۆن کۆگاکانی چەک،
ناوەندی پەیوەندییە مانگدەستکردەکان و باڵەخانەی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا لە
بنکەی "جوفەیر" لە بەحرەین خاپوور کراون.
لە قۆناغی
سێیەمی ئۆپەراسیۆنەکەشدا کە تایبەت بووە بە هێرشکردنە سەر کەشتیگەلی پێنجەمی
ئەمریکا لە بەحرەین، هەریەک لە ڕاداری پاتریۆت، ڕاداری کۆنترۆڵی ئاسمانیی
کەشتیگەلەکە، سیستەمی ڕاداری (C-RAM) و ناوەندی کۆنترۆڵکردنی بەلەمە
بێسەرنشینەکان کراونەتە ئامانج و لەناو براون، هاوکات ئاگر لە کۆگاکانی سووتەمەنیی
هەمان کەشتیگەل بەردراوە.
110 جار خوێندراوەتەوە